سیستانی ھۆشداری دەدات

"پێویستە ئەنجوومەنی نوێنەران بە بژاردەکانیدا بچێتەوە"

K24 - ھەولێر

مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، ھۆشداری دەدات كە پلانی ژەهراوی دادەنرێت بۆ نانەوەی پشێوی و شەڕی ناوخۆیی و گێڕانەوەی عێراق بۆ سەردەمی دیکتاتۆریەت.

لە وتاری هەیینیدا لە کەربەلا، ئەحمەد سافی نوێنەری مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، دەقی وتارەکەی عەلی سیستانی خوێندەوە کە تیایدا هاتووە، پێویستە ئەنجوومەنی نوێنەران بە بژاردەکانیدا بچێتەوە و رێگە نەدات وڵات بکەوێتە پشێوی و ئاڵۆزییەوە و پەلەش لە پەسندکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان بکات، بۆ ئەوەی رێگە بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد خۆشبکات.

وەك لە وتارەكەدا ئاماژەی پێكراوە: " پێویستە لەسەر ئەنجوومەنی نوێنەران کە دەنگی لەسەر حکومەت داوە، بە بژاردەکانیدا بچێتەوە و بەرژەوەندی عێراق لەبەرچاوبگرێت و پارێزگاری لە خوێنی رۆڵەکانی بکات، رێگە نەدات وڵات بکەوێتە پشێوی و ئاڵۆزییەوە، هەروەها دەبێ پەلە لە پەسندکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان بکات، بۆ ئەوەی رێگە بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد خۆشبکات".

گوتیشی: "دوژمنان و دەستوپێوەندەکانیان پلانی ژەهراوی دادەنێن بۆ بڵاوکردنەوەی ئاڵۆزیی و وێرانکاری و خزانە نێو شەڕی ناوخۆیی و گێڕانەوەی وڵات بۆ سەردەمی دیکتاتۆرییەتی بێزراو، بۆیە نابێت هەلی ئەم ئامانجەیان بدرێت".