ھەدەپە پێشوازی لە سەردانی مەسرور بارزانی بۆ توركیا دەكات
"ھیواخوازین ببێتە ھەنگاوێك بۆ چارەسەری كێشەكان"
K24 - ھەولێر
پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) بە گرنگییەوە لە سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ توركیا دەڕوانێت و پێشوازی لەو ھەنگاوە دەكات.
وتەبێژی ھەدەپە گونای كوبیلای، لەبارەی سەردانبی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ئەنقەرە و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك كۆمار و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە رایگەیاند: "ئاشتی و دیموكراستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئامانجی سیاسی ئێمەیە، بۆیە ئێمە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ھەموو دانوستاندن و رێگە دپلۆماسییەكان بە گرنگ دەبینین، بۆیەش ئێمە ھیچ رەخنەیەكمان لە سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ توركیا نییە، بەڵام ھیوادارین سەردانەكەی ببێتە ھۆی كۆتایی ھاتنی شەڕی سووریا و دروستبوونی سیاسەتێكی ئاشتیخوازانە".
گوتیشی: "ھیوادارین ئەم سەردانەی مەسرور بارزانی بۆ ئازادی و ئاشتیی گەلانی سووریا و رۆژئاوای كوردستان ھەنگاوێك بێت تا بتوانن چارەنووسی خۆیان بە ئازادی دیاری بكەن. ھیوادارین سەردانەكە لەو چوارچێوەیەدا ئەنجام درابێت".