داعش له‌ سنووری گه‌رمیان چالاك ده‌بێته‌وه‌

دانیشتوانی گه‌رمیان داوای زیادكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووره‌كه‌یان ده‌كه‌ن

K24- هه‌ولێر:

دوای ئه‌وه‌ی بەھۆی ھێرشێکی چەکدارانی داعش بۆ سەر ھێزەکانی ئاسایشی گەرمیان لەشارەدێی کوڵەجۆ بەڕێوەبەر و دوو کارمەندی ئاسایش شەھید بوون و 7 کەسی دیکەش برینداربوون کە سیانیان ھاوڵاتین و 4ـیش کارمەندی ئاسایشن، تیمی کوردستان ۲٤ ڕۆیشتونەتە شوێنی ڕووداوەکەو ووردەکاری زیاتر دەخەنە ڕوو.

له‌مباره‌شه‌وه‌ ھێزەکانی پێشمەرگە لەناوچەکە بۆ كوردستان 24 باس لەوە دەکەن، کە چەکدارانی داعش دزەیان کردووەتە پشت سەنگەرەکانیان و ئەو کردەوە تیرۆرستیەیان ئەنجام داوە.

هاوكات دانیشتوانی ناوچەکەش داوا دەکەن، پێشمەرگە ھێزی زیاتر لە ناوچەکانیان جیگیر بکات، بۆ ئەوەی لەھەڕەشەی تیرورستان بیانپارێزن.

شەوی ڕابردوو له‌ بۆسه‌یه‌كی چەکدارانی داعشدا، بەڕێوەبەری ئاسایشی کوڵەجۆ و دوو کارمەندی ئاسایش شەھید بوون 3 هاووڵاتی و 4 كارمه‌ندی ئاسایشیش بریندار بوون.

دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر زۆرترین ھێزی عێراقی لە ناوچە کوردستانیەکان جێگیر کراون و دۆسیەی ئەمنی و ئیداریان بەدەستەوەیە، بەڵام ئەو ھێزانە نەیانتوانیوە ھاوشێوەی ئەوکاتانەی پێشمەرگە لەو ناوچانە بووە، ئاسایش بۆ دانیشتوانی ناوچەکە ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.

H.B