عادل عه‌بدولمه‌هدی له نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یدا داوایه‌ك له په‌رله‌مان ده‌كات
"په‌یوه‌ندی هه‌ولێر و به‌غدا له ئاستێكی باشدان"
K24- هه‌ولێر:
عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران دووپاتی كرده‌وه، كه نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی راده‌ستی په‌رله‌مان كردووه و داواشی كردووه، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی قبووڵ بكرێت.
عادل عه‌بدولمه‌هدی گووتیشی: پێویسته په‌رله‌مان به زووترین كات و به گوێره‌ی رێوشوێنه ده‌ستوورییه‌كان متمانه به حكوومه‌تێكی نوێ بدات، چونكه وه‌ك جه‌ختی كرده‌وه، دۆخی عێراق به‌رگه‌ی حكوومه‌تی كاربه‌رێكه‌ر ناگرێت.
عه‌بدولمه‌هدی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: گۆڕینی حكوومه‌ته‌كان كارێكی سروشتییه و عێراق سه‌رده‌می دیكتاتۆریه‌تی تێپه‌ڕاندووه و ئێستا سه‌رده‌می دیموكراسیه‌ته.
سه‌باره‌ت به په‌یوندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و پرسی بودجه‌ی ساڵی 2020ـیش، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دووپاتیكرده‌وه، په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا باشن و گووتیشی: كار له‌سه‌ر بودجه‌ی 2020 كراوه و بودجه‌ی ساڵی داهاتوو بودجه‌ی به‌رنامه و پڕۆژه‌كان ده‌بێت.
شه‌وی رابردوو عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ بانگه‌وازی مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه له عێراق و خواستی خۆپیشانده‌ران، ده‌ست له پۆسته‌كه‌ی ده‌كێشێته‌وه. ئه‌مڕۆش چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران دووپاتیانكرده‌وه، نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی گه‌یشتووه‌ته په‌رله‌مان و سبه‌ی له دانیشتنی په‌رله‌مان تاوتوێ ده‌كرێت.
H.B