"رێككەوتنی ھەولێر و بەغدا كۆنكرێتی دەبێت"

شاندی حكوومەتی ھەرێم سەردانی بەغدا دەكاتەوە

K24 - بەغدا

ئەمڕۆ شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكاتەوە و لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق گفتوگۆ لەبارەی وردەكاری رێككەوتن لەسەر بابەتی دارایی دەكەن. سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت "رێككەوتنی ئەمجارەی نێوان ھەولێر و بەغدا كۆنكرێتی دەبێت".

د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: "شاندەكە گفتوگۆ لەبارەی رێككەوتنی كۆتایی لەسەر بودجە و مووچە، ھەروەھا قسە لەسەر ئەوە دەكرێت لەبەرامبەر رادەستكردنی ئەو بڕە نەوتەی لەسەری رێككەوتوون بەغدا بودجە و مووچەی تەواوی ساڵی 2020ی بۆ ھەرێمی كوردستان بنێرێت".

گوتیشی: "بەپێی زانیارییەكانی ئێمە گفتوگۆكانی نێوان حكوومەتی ھەرێم و حكوومەتی عێراق ئەرێنیە، رێككەوتنی ئەمجارە وەك پێشتر نابێت، بەڵكو رێككەوتنی كۆنكرێتی دەكرێت".