خۆپیشاندەرانی عێراق داوای دەست لەکارکێشانەوەی تەواوی بەرپرسان دەکەن

هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگاکانی عێراق خرانە ئامادەباشییەوە

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/db62473e-ac4d-4cc8-803e-e41c0ee9bef3/120219ACR.ism/manifest

K24 - ھەولێر

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی عێراق لە شارەکانی بەغدا، ناسرییە، دیوانییە و کەربەلا بەردەوامن و لە نەجەف دوو خۆپیشاندەری دیكە کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون. ھاوكات خۆپیشاندەران داوا دەست لەكاركێشانەوەی تەواوی بەرپرسانی عێراق دەكەن.

ئاماژەكان دەریدەخەن دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانیش، هەروا زوو کۆتایی بە زنجیرەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی عێراق ناھێنێ. ئێستا خەڵکی ناڕازی گوڕوتینی زیاترییان بە بەردا هاتووە، داوای گۆڕینی تەواوی بەرپرسان دەکەن و دەڵێن ئەوانەی لە دوای 2003ەوە هاتوون، پێویستە هیچییان لە دەستەڵات نەمێنن.

لەم چوارچێوەیەدا دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ناڕازی لەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان، لە شارەکانی بەغدا، نەجەف، ناسرییە و چەند شارێکی دیکە بەردەوامن. لە بەغدا، هەزاران کەس لە گەڕەکی بەیاع لەکاتی ناشتنی تەرمی یەکێک لە خۆپیشاندەرە کوژراوەکان دروشمی دژ بە ئێرانیان گوتەوە.

یەكێك لە خۆپیشاندەران دەڵێ: "ئێمە نیشتمانمان مەبەستە، دەمانەوێت هەموویان بڕۆن، هیچ کەسێک نەمێنێتەوە هەرهەموویان دزن".

لە کەربەلاش خۆپیشاندەران هەوڵیاندا دەروازەی باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگا ببڕن و بچنە ناویەوە، لە ئاکامدا پێکدا هەڵپژان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دروستبوو، هاوکات چەند رێگەیەکی سەرەکیش پارێزگاکەش لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخراون.

لە نەجەفیش، دوو خۆپیشاندەر کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، دوای جارێکی دیکە سووتاندنی کونسڵخانەی ئێرانیش لە شارەکە، هەریەک لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی فوراتی ناوەڕاست و هێزە ئەمنییەکانی نەجەف ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشییان راگەیاند.