ئامانج ره‌حیم ورده‌كاری گێڕانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ڕوو
پرۆفیشناڵانه كارمان كرد
K24 – هه‌ولێر:
سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ئامانج ره‌حیم رایگه‌یاند، شاندی هه‌رێم زۆر پرۆفیشناڵانه دانووستانی كردووه و هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر راده‌ستكردنی نه‌وت و گه‌ڕانه‌وه‌ی شایسته داراییه‌كان رێككه‌وتوون و هه‌ر حكومه‌تێكی دیكه بێته سه‌ر كار له به‌رژه‌وه‌ندیدایه ئه‌و رێككه‌وتنه جێبه‌جێ بكات.
ئه‌مڕۆ شاندی دانووستانكاری هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی دارایی كۆنفرانسێكی میدیاییان ئه‌نجامدا.
له كۆنفرانسه‌كه‌دا، هه‌ریه‌ك له ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی و ئامانج ره‌حیم، سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت له باره‌ی رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا چه‌ند زانیارییه‌كیان خسته‌ڕوو.
ئامانج ره‌حیم، سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له باره‌ی بودجه‌ی عێراقه‌وه گوتی: هێشتا پڕۆژه‌ی بودجه له به‌رده‌ستی حكومه‌تی عێراقه و هه‌ر كاتێك یاسای بودجه په‌سند كرا و له رۆژنامه‌ی وه‌قائیعی عێراقی بڵاوكرایه‌وه، ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
گوتیشی: شاندی دانووستانكار توانی شێلگیرانه به‌رگری له مووچه‌ی زیاتر له ملیۆنێك كه‌س بكات و ئه‌مه ئه‌ركی حكومه‌ته.
روونیشیكرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان ئه‌وله‌ویه‌تی ستراتیژی خۆی داڕشت و دوو به‌ش بووه، یه‌كه‌میان پابه‌ندیی نه‌وتی بووه، كه تا راده‌یه‌ك گرێی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدای كرده‌وه و ئیدی ئه‌و بیانووه لای حكومه‌تی فیدراڵ نه‌مێنێت، كه هه‌رێمی كوردستان نه‌وتی خۆی ده‌فرۆشێت و ده‌یه‌وێت پشكیشی له به‌غدا هه‌بێت. ئێستا سیاسه‌تی گشتی حكومه‌ت ئه‌وه‌یه، كه ئێمه به‌شداری ده‌كه‌ین له زیادكردنی داهاتی عێراق، به‌ڵام به‌رامبه‌ر ئه‌وه پێویسته ماف و شایسته داراییه‌كانمان دابین بكرێت.
هه‌روه‌ها گوتی: یه‌كێك له‌و پرسانه‌ی كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم هه‌بووه، خه‌رجی سیادی بووه و ئه‌مساڵ رێژه‌یه‌كی زۆر بووه. چه‌ند خه‌رجی سیادی زیاتر بێت، ئه‌وه‌نده پشكی هه‌رێم كه‌مده‌كات. 18 ترلیۆن و 180 ملیار دینار له خه‌رجی سیادی دانراوه بۆ سووی قه‌رزی عێراق. هه‌رێمی كوردستان توانی زۆرێك له‌و خه‌رجییانه كه‌مبكاته‌وه، كه په‌یوه‌ندییان به هه‌رێمی كوردستانه‌وه نییه و ئه‌مه‌ش وایكرد پشكی هه‌رێم زیاتر بێت.
هه‌روه‌ها گوتی: هه‌رێمی كوردستان قسه‌ی له باره‌ی مووچه‌ی پاشه‌كه‌وتكراوی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم كردووه و له رێگه‌ی ده‌قێكی یاسای له ناو یاسای بودجه‌ی عێراق باس له‌وه كراوه، حكومه‌تی فیدراڵ ئاماده‌ی ده‌ربڕیوه سه‌رجه‌م زانیارییه‌كان له باره‌ی قه‌رز و مووچه‌ی هه‌رێم وه‌ربگرێت و لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوولا ئه‌و پرسه تاوتوێ ده‌كه‌ن و هیوادارین بتوانرێت ئه‌م قه‌رزانه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش جێبكرێنه‌وه له ناو قه‌رزه‌كانی فیدراڵی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، دوێنێ عادل عه‌بدولمه‌هدی رایگه‌یاندووه، حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر توانای ناردنی پڕۆژه‌یاسای نیه بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، به‌ڵام ئه‌مه پڕۆژه یاسای بودجه‌یه كه په‌یوه‌ندیداره به هه‌موو عێراقه‌وه. ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كراوه له‌گه‌ڵ به‌غدا، كه هه‌رێم نه‌وت بداته سۆمۆ و شایسته داراییه‌كانی وه‌ربگرێت، هه‌ر حكومه‌تێكی دیكه بێته جێی ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێستا، له به‌رژه‌وه‌ندیدایه ئه‌و رێككه‌وتنه جێبه‌جێ بكات و له ئه‌گه‌ری نه‌بوونی پڕۆژه‌یاسای بودجه و په‌سند نه‌كردنی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له 2014 روویدا، ئه‌و كاته كار به یاسای ئیداره‌ی دارایی ده‌كرێت، كه بناغه‌ی یاسای بودجه‌یه. به گوێره‌ی ئه‌و یاسایه، هه‌ر ساڵێك یاسای بودجه جێبه‌جێنه‌كرا، ئه‌وا ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ یه‌ك له‌سه‌ر دوازده‌ی خه‌رجی فیعلی له 2019 و له‌و ساڵه‌دا هه‌ر مانگێك 452 ملیار دینار وه‌رگیراوه و ئه‌و ژماره‌یه لێكدانی 12 ده‌كرێت و یه‌ك له 12ی به‌ركه‌وته‌ی هه‌رێمی كوردستانه.
دووپاتیشیكرده‌وه، ئه‌م رێككه‌وتنه سه‌ره‌تاییه‌ی كراوه، ناكه‌وێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه تا یاسای بودجه په‌سند نه‌كرێت و رێنماییه‌كانی له لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه ده‌رنه‌چن.
له باره‌ی قه‌رزه‌كانی عێراقیشه‌وه گوتی: عێراق له 2005ه‌وه زۆر قه‌رزاره. ته‌نیا بۆ وه‌به‌رهێنان 62 ملیار دۆلار قه‌رز كراوه، پشكی هه‌رێم تێیدا ته‌نیا له‌سه‌دا دوو بووه، كه‌چی له 2005ه‌وه هه‌رێمی كوردستان به‌شدار بووه له دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان و هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی ده‌ربڕیوه، به‌راوردكاری بكرێت، ئایا هه‌رێم داهاتی چه‌ند بووه و شایسته‌ی دارای له به‌غدا چه‌ند بووه و له رێی لیژنه‌ی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوولاوه چاره‌سه‌ر بكرێت.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، له رووی سیاسییه‌وه كارمان بۆ ئه‌وه بووه، وه‌ك كیانێكی ده‌ستووری مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێم بكرێت، نه‌ك پارێزگاكان، چونكه ئه‌وان له 2014ه‌وه هه‌وڵیانداوه وه‌ك پارێزگا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
گوتیشی: پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه بۆچی قه‌رزار بووین؟ له‌به‌ر ئه‌وه بووه، بودجه‌مان بڕاوه و ئه‌گه‌ر وانه‌بوایه، قه‌رزار نه‌ده‌بووین.
روونیشیكرده‌وه، پێمان وتوون، له 2014 تا ئێستا شایسته‌ی هه‌رێم چه‌ند بووه و ئێمه چه‌ند نه‌وتمان فرۆشتووه به‌راورد بكرێت، ئه‌و كات ده‌رده‌كه‌وێت ماف و شایسته‌ی ئێمه له بودجه چه‌نده.
دووپاتیشیكرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان ژماره و زانیارییه‌كان ده‌داته به‌غدا و لیژنه‌ی هاوبه‌ش پێكده‌هێنرێت بۆ به‌راوردكردنی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم و بڕی ئه‌و داهاته‌ی هه‌رێم له فرۆشتنی نه‌وت ده‌ستیكه‌وتووه.