دەنگۆی پاڵاوتنی چەند كەسایەتییەكی سەربازی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق ھەیە
"دیاریكردنی کەسێکی سەربازی بۆ سهرۆكایهتی وهزیران عێراق بهرهو دواوە دەگەرێنێتەوە"
K24- ههولێر:
تا ئێستا بە فەرمی ناوی ھیچ کەسێك بۆ شوێنگرتنەوەی عادل عەبدولمەھدی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام لە چەند سەرچاوەی جیاواز ناوی فەریقێکی سەربازی بۆ سەرۆك وەزیرانی داھاتووی عێراق دەھێندرێت، لهمبارهشهوه رێبین سەلام، شارهزای بواری سیاسی لهو باوهڕهدایه، دانانی کەسێکی سەربازی بۆ ئەو پۆستە، پشتکردنە لە دیموکراسی و عێراق بۆ دواوە دەگەرێنێتەوە.
لە دەستووری عێراق رێگە پێدراو نییە، بهبێ دەستلەکارکێشانەوە، کەسێکی سەربازی ببێتە سەرۆك وەزیران، شارەزایانی دەستوور پێیان وایە ئەو کەسانەی خزمەتێکی زۆری سەربازیان ھەیە، ناتووانن پشت لە بیرۆکە سەربازیەکانیان بکەن، بە بیرکردنەوەی سەربازیش وڵات بەرێوە ناچێت.
دوای دەسبەرداربوونی عادل عەبدولمەھدی لە پۆستی سەرۆكایهتی وەزیرانی عێراق، لە لایەن میدیاییەکان و ھەندێك لایەنی سیاسی، ناوی ژمارەیەك کەسایەتی سیاسی و سەربازی بۆ گرتنە دەستی ئەو پۆستە دەھێندرێت، بێ ئەوەی لە ھیچ سەرچاوەیەکی فەرمی عێراق پشتراست بکرێنەوە.
H.B