ئێران و ئەوروپا لەسەر پرسی رێککەوتنامەی ئەتۆمی کۆدەبنەوە

ئەوروپییەکان هۆشدارییەک دەدەنە ئێران

K24 – هه‌ولێر:

وڵاتانی ئەوروپی و ئێران بە مەبەستی پاراستنی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیەننا کۆدەبنەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ لە ڤیەننا کۆبوونەوەی نوێنەرانی هەریەک لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا کە ئەندامن لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ نوێنەری ئێران کۆببنەوە و چاوەڕوانیش دەکرێت وڵاتانی ئەوروپا هۆشداریی بە ئێران بدەن بۆ ئەوەی دەستبەرداری پێشێلکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی بێت، ئەگەرنا لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە رووبەڕووی سزادان دەبێتەوە.

ئەم کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە هەریەک لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە نامەیەکدا بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان پەرەپێدانی موشەكی بالستیان لەلایەن ئێرانەوە کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە، بە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانیان داناوە.

ئەوروپییەکان نیگەرانن لەوەی ئێران پابەندییەکانی بە رێککەوتنامەی ئەتۆمی کەم کردووەتەوە، لە بەرامبەردا کۆماری ئیسلامی ئێران داوای پاراستنی ئابوورییەکەی لە ئەوروپا دەکات.

Euronews

H,J