ناتانیاهۆ: هێرشی سەر خۆپیشاندەرانی بەغدا به فه‌رمانی راسته‌وخۆی ئێران ئه‌نجامدراوه
"چه‌ندین بهڵگهمانی پشتڕاستكهرهوهمان له‌به‌رده‌ستن"
K24- هه‌ولێر:
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاشكرای ده‌كات، گروپە چهكدارهکانی سەر بە ئێران له عێراق به فه‌رمانی راسته‌وخۆی سوپای پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران لە بەغدا.
بنیامین نەتانیاهو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی كابینه‌ی حكوومه‌تی ئیسرائیل‌دا ئاشكرای كرد، بەڵگەکان دەریانخستووە، ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران لە بەغدا میلیشیاکانی سەر بە ئێرانن و بە فەرمانی راستەوخۆی تاران هێرشەکەیان ئه‌نجامداوه.
ناتانیاهۆ گوتی: ئێران به‌رده‌وامه له كرده‌وه توندوتیژییه‌كانی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. چه‌ند رۆژێك لهمهوپێش له به‌غدا زیاتر له 20 خۆپیشانده‌ری بێ تاوان كوژران. ده‌مه‌وێت ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌تان بۆ ئاشكرا بكه‌م، كه چه‌ندین به‌ڵگه له‌به‌رده‌ستدان ئه‌م تاوانه قێزه‌ونه له‌لایه‌ن میلیشیا شیعه‌كانی عێراقه‌وه به‌فه‌رمانی راسته‌وخۆی ئێران ئه‌نجامدراوه".
سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل جه‌ختیشی كرده‌وه، "پێویسته فشاره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ سه‌ر ئێران زیاتر بن و داوا له وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌كه‌م فشاره‌كانیان بۆ سه‌ر ئێران زیاتر بكه‌ن، ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش دووپات بكه‌مه‌وه كه به بێ هاوكاری ئه‌وروپاش، ئیسرائیل رێگه نادات ئێران ببێته خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمی".
H.B