لافاو به‌شێكی شه‌قامه‌كانی به‌یروتی داپۆشی
خه‌ڵكی له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كانیان گیریانخواردووه و ئاو چووه‌ته ناو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ره‌فیق حه‌ریری

K24 - هه‌ولێر:
به‌هۆی ئه‌و شه‌پۆله بارانبارینه‌ی ناوچه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه، له به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان بارانێكی زۆر باریوه و ژماره‌یه‌ك شه‌قامی شاره‌كه ئاو دایپۆشیوه و چه‌ندین ئۆتۆمبێل لافاو رایماڵیوه و ته‌نانه‌ت ئاو گه‌یشتووه‌ته ناو هۆڵه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ره‌فیق حه‌ریری له به‌یروت.
ئاژانسی نیشتمانی لوبنان بۆ راگه‌یاندن بڵاویكرده‌وه، ئاو گه‌یشتووه‌ته ناو ژماره‌یه‌كی زۆری ئۆفیسه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ره‌فیق حه‌ریری و ته‌نانه‌ت تا تێرمیناڵی ده‌رچوون له به‌یروت ئاو هاتووه".
هه‌روه‌ها له ئۆتۆسترادی خولده له ده‌روازه‌ی باشووری شاره‌كه ئاوێكی زۆر كۆبووه‌ته‌وه و بووه به‌هۆی درووستكردنی قه‌ره‌باڵغی و هاتووچۆی زه‌حمه‌ت كردووه، به‌شێك له هاووڵاتیانیش له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كانیاندا گیریان خواردووه.
چالاكانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ڤیدیۆ و وێنه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه و ده‌ركه‌وتووه، ئۆتۆمبێله‌كان له‌ناو لافاوه‌كه‌دا نغرۆ بوون له ناوچه‌كانی (خولده، شوه‌یفات، ئه‌وزاعی و سوڵتان ئیبراهیم)، هه‌روه‌ها ڤیدیۆی كۆبوونه‌وه‌ی ئاو له ده‌روازه‌ی سه‌ره‌كی فڕۆكه‌خانه‌ی ره‌فیق حه‌ریری بڵاوكراوه‌ته‌وه.