"جێبەجێ نەکردنی یاساکان هۆکارێکن بۆ زیادبوونی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ"
"شەڕ و توندوتیژییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی زیاد کردووە"
K24 - ھەولێر
10ی دیسیمبەر وەك رۆژی جیھانی مافەکانی مرۆڤە ناسێندراوە، کە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو رۆژەدا و لە ساڵی 1948 لە 30 بەند دا جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤی راگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی تەواوی مافەکانی مرۆڤ لە ھەموو جیھاندا. سەرۆکی دەستەی سەربەخۆیی مافەکانی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان ئاماژە بە شەڕ و توندوتیژییەکانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە دەکات، کە بووەتە ھۆکاری پێشێلکردنی مافی ھەزاران ھاووڵاتی، ئەندامێکی پەرلەمان لە لیژنەی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤیش پێی وایە لە ھەرێمی کوردستان یاسای زۆر باش ھەیە، بەڵام کێشە لە جێبەجینەکردنی یاساکاندایە.
71 ساڵ پێش ئێستا کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو پێشێلکارییەی بەرامبەر بە مرۆڤ دەکرا، جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤیان راگەیاند، بەڵام تائێستا بەشێک لەو جارنامەیە لە ھەندێک وڵاتدا کاری پێناکرێت و مافەکان پێشێل دەکرێن بە جۆرێک مرۆڤەکان لە سادەترین ماف بێبەشکراون ئەویش مافی ژیانە، شەڕ و توندوتیژییەکان لە عێراق و ناوچەکانی دەوروبەر یەکێکە لەو ھۆکارانەی کە مافی مرۆڤی تێدا پیشیل کراوە. بوونی رێژەیەکی زۆر لە ئاوارەو پەنابەران و جێگیربوونیان لە ھەرێمی کوردستان سەلمێنەری ئەو راستیەیە.
ھەرچەندە ھەرێمی کوردستان بەشێک لەو بەندانەی لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ دا ھاتووە چەسپاندویەتی، بەڵام ھێشتا گرتن و رێگریکردن لە رۆژنامەنووسان و چەوساندنەوەی ئافرەتانیش بەردەوامە.
لە 10/12/1948 جاڕنامەی گەردونی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن کۆمەڵەی گشتی وڵاتانی جیھان راگەیەندرا، کە ئێستا بووەتە 193 وڵات لە كۆمەڵەكە بەشدارن، لە 30 بڕگەدا مافەکانی مرۆڤیان دارشتووە، بە ئامانجی پاراستنی تەواوی مافەکانی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیھان.