گەنجێکی کورد کاندیدی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیایە

رۆژی پێنجشەممەی داھاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت

K24 - بێرمینگھام

رۆژی پێنجشەممەی داھاتوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا بەرێوەدەچێت و گەنجێكی كوردیش خۆی بۆ هەڵبژاردنەکە کاندید کردووە، ئه‌و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین ده‌نگ ده‌دات و پێشبینی ده‌كرێت لەو ھەڵبژاردنەدا سەربکەوێت، ئه‌و گه‌نجه‌ كورده‌ ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو بێت له‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانیاش به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ پشتیوانی كردنی گه‌لی كورد.

ئیبراھیم دوگوز، سەرقاڵی بانگەشەی ھەڵبژاردنە لەشاری بێرمینگھامی بەریتانیا و دەیەوێت زۆرترین دەنگی دەنگدەرانی ناوچەی برۆمیچی لە بێرمینگھام بۆخۆی مسۆگەر بکات و بە كوردستان24ی گوت: "وەکو چۆن پێشتر لە ناوەندەکانی بریاڕدا ھەوڵی جوڵاندنی پرسی کوردم داوە بە ھەمان شێوە ئەگەر بچمە پەرلەمانی بەریتانیا بەردەوام دەبێت لەم رێبازه‌ی".

دوگوز لەلای بەشێکی زۆری رەوەندی کوردی و تەنانەت لای بەریتانییەکانیش بە کەسێکی بەخشەرو میھرەبان وەسفی دەکرێت. بەتایبەت لەدوای ھێرشەکەی 22ی ئاداری 2017 لە نزیک پەرلەمانی بەریتانیا، دوگوز رێستۆرانتەکەی خۆی لە نزیک ئەو ناوچەیە بێ بەرامبەر خواردنی پێشکەش بەسەدان پۆلیس و ئەندامانی تیمە فریاگوزارییەکان کرد.

ئیبراھیم دوگوز، تەمەنی 39 ساڵە و خەڵکی باکووری کوردستانە. ماوەی زیاتر لە 25 ساڵە لە بەریتانیا دەژیت و سەرۆکی شارەوانی ناوچەی لامبیسە لە لەندەن. بۆجاری دووەمە خۆی کاندید دەکات بۆ پەرلەمانی بەریتانیا. خاوەنی چەند چێشتخانەیەکە و دامەزرێنەری سەنتەری کوردییە. دوگوز لەناوچەی وێست برۆمیچی بێرمینگھام خۆی کاندید کردووە لەسەر پارتی کرێکارانی بەریتانیا کە بە پارتی ئۆپۆزیسۆنی بەریتانیا ناسراوە.