توێژینه‌وه‌یه‌ك: ره‌نگی قژ مه‌ترسی تووشبوون به شێرپه‌نجه زیاتر ده‌كات
ره‌نگی قژ و ئه‌و مادده كیمیاییانه‌ی بۆ خاوكردنه‌وه‌ی قژ به‌كارده‌هێنرێن، مه‌ترسی تووشبوون به نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك زیاتر ده‌كه‌ن.
K24 – هه‌ولێر:
گۆڤاری نێوده‌وڵه‌تی شێرپه‌نجه توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێی بڵاوكرده‌وه. تێیدا هاتووه: ره‌نگی قژ و ئه‌و مادده كیمیاییانه‌ی بۆ خاوكردنه‌وه‌ی قژ به‌كارده‌هێنرێن، مه‌ترسی تووشبوون به نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك زیاتر ده‌كه‌ن.
پێشتر لەبارەی ئەگەری پەیوەندی نێوان بەرهەمی کیمیایی موو و شێرپەنجە، توێژینەوهیهکی ورد نەکرابوو، بەڵام لێکۆڵەرانی پەيمانگاى نەتەوەيى تەندروستى و پەيمانگاى نەتەوەيى ژينگەى زانستى تەندروستى دەڵێن: ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لە ژنانێك کە رەنگی قژ و ماددەی کیمیایی بۆ خاوکردنی قژ بۆ خۆیان یان کەسانێکی دیکە بەکار دەهێنن بە به‌راورد له‌گه‌ڵ ئەو ژنانەی ئەم ماددانەیان بەکار نەهێناوە زیاترە.
هەروەها لێکۆڵەرەکان بەو ئه‌نجامه‌ش گەیشتوون ئەو ژنانەی، رەنگی پێستیان زیاتر رەشە ئەگەری تووشبوونیان زیاترە.
له توێژینه‌وه‌كه‌دا 47 هه‌زار و 709 ژنی تەمەن لە نێوان 35 بۆ 74 ساڵە بەشداریان کردووە. توێژینەوەكه ناونراوە " لێکۆڵینەوەی خوشک" به‌و پێیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و ئافره‌تانه‌یه، كه خوشكیان دووچاری شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك بوون.
دوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌كان له به‌شداربوان، لێکۆڵەرەکان بەو ئه‌نجامه گەیشتن، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لەو ژنانەی کە بە درێژایی ساڵ پێش بەشداریکردنیان لەم پڕۆژەیە بەردەوام رەنگی قژیان بەکار هێناوە 9٪ زیاتره لەو ژنانەی، لەم بەرهەمانەیان بەکار نەهێناوە. هەر لەمبارەوە ئەو ژنانەی کە رەش پێستن ئه‌گه‌ری تووشبوونیان به رێژه‌ی 45٪ زیاترە.
لێکۆڵەران وتوویانە بەکاربردنی رەنگی قژ لە نێوان هەر 5 تاکو 8 هەفتە و زیاتر ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە لە ژنانی رەشپێشت 60٪ زیاتر دەکات.
دکتۆر ئەلێکساندرا وایت نووسەر و بەڕێوەبەری لقى ژينگەيى و شێرپەنجەى پەيمانگاى نەتەوەیى ژينگەى زانستى تەندروستى دەڵێت: "ماوەیه‌کی زۆرە لێکۆڵەران لەسەر پەیوەندی نێوان رەنگی قژ و شێرپەنجە توێژینەوە دەکەن کەچی ئەنجامی نەبوو، بەڵام لەم توێژینەوە زانیان ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک بە بەکاربردنی رەنگی قژ زیاتر دەبێتەوە و زیاتریش لەسەر ژنانی ئەمەریکی و ئەفریقی کاریگەری هەیە بەتایبەت ئەو کەسانەی کە بەردەوام رەنگی قژ بەکاردێنن".
ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لە نێوان ئەو ژنانەی ماددەی کیمیایی بۆ خاوکردنی قژیان بەکاربردووە 18٪ زیاتر بوو، لێکۆڵەرەکان دەڵێن بۆ ئەوەی زیاتر تیشک بخەینە سەر ئەم توێژینەوە باشتر وایە توێژینەوەیه‌کی دیکە هەر لەم بارەوە ئەنجام بدرێت و ئەم ئه‌نجامانه پشتڕاستبكرێنهوه.
دکتۆر دیل سەندلێر هاوکاری دکتۆر ئەلێکساندرا وایت لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا ژنان هیچکات قژیان رەنگ یان خاو نەکەن؟ دەڵێت: "مرۆڤەکان رووبەڕووی زۆر شت دەبنه‌وه کە دەتوانێت ئەگەری شێرپەنجە زیاتر بکات و ناتوانین مه‌ترسی تووشبوون بە شێرپەنجە بۆ هەر ژنێک تەنیا بە یەک شت په‌یوه‌ست بكه‌ین".
پاش بڵاوکردنه‌وه‌ی ئەم لێکۆڵینەوەیە، پاول فیرعەون مامۆستای پەتاناسی و شێرپەنجەی زانکۆی کەمبریج گوتی: "ئه‌نجامی ئەم توێژینەوەیە زۆر سەرنجڕاکێشە، بەڵام هیچ شتێکی روون دیار نەکراوە، کە ئایا رەنگ و ماددە کیمیاییەکانی خاوکردنی قژ لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە پەیوەندی راستەوخۆی هەیە یان دەبێتە هۆی زیادبوونی مه‌ترسی تووشبوون؟".
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، خزمەتگوزارى تەندروستى كۆمەڵى بەريتانى لە لێدوانێکدا رایگه‌یاندووه، مێژووی خێزان، تەمەن، چڕی سنگ، کێش و خواردنه‌وه‌ی مه‌ی لەوانەیە مەترسی تووشبوون بەم نەخۆشیە زیاتر بکات.
سەرچاوە: The Independent