ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاسای چاکسازی پەسەند کرد و دەینێرێتە پەرلەمان
مهسرور بارزانی: پڕۆژەی چاکسازی بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
K24 - ههولێڕ:
ئەمڕۆ چوارشەممە 2019/12/11 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لە بارەی رەشنووسی پڕۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشین، مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان-عێراق کرا، کە بەشێکە لە بەرنامەی گشتگیریی چاکسازیی لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا، چاکسازیی پرۆسەیەکی بەردەوامە و لە هەنگاوەکانی داهاتوودا گشت کەرتەکان دەگرێتەوە. گوتیشی: "لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، بەڵێنمان دابوو ئەم پڕۆژە یاسایە بنێرین بۆ پەرلەمان. ئەمەش پرۆژەی هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکوومەتە و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و دادپەرەوەرییە و بە دڵنیاییشەوە خەڵکی شایستە، مافەکانیان پارێزراو دەبێت".
دوای گفتوگۆکردنێکی چڕ و بەرفراون لە سەر یەك بە یەکی بڕگەکانی پڕۆژە یاساکە و دوای جێگیرکردنی چەندین گۆڕانکاریی، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد و دەینێرێتە پەرلەمانی کوردستان.
H.B