خەمیس خەنجەر: داوا لە پەرلەمان دەکەین بە زووترین کات یاسای نەوت و گاز دەربکات
سەرۆکی هاوپەیمانیی "سیادە" پێشنیازی پێکهێنانی دەستەیەکی باڵا لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی وڵات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات و پشتیوانیی خۆی بۆ بانگەوازی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ و رێکارەکانی رێگریکردن لە ناردنەدەرەوەی نایاسایی نەوت رادەگەیەنێت، هاوکات داوای پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ی تشرینی دووەمی 2026، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی "سیادە" لە راگەیەنراوێکد جەختی لە پێشخستنی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا کردەوە، بە جۆرێک رێز لە خوێنی عێراقییەکان بگرێت و بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتییان بپارێزێت.
خەنجەر ئاماژەی بەوە دا، وڵات ئەمڕۆ لەبەردەم قۆناخێکی گرنگی چەسپاندنی سەقامگیری و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی وڵاتدایە و حکوومەتی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رووبەڕووی ئەرکە نیشتمانییە گەورەکان دەبێتەوە، لە سەرووشیانەوە سەپاندنی یاسا، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کۆکردنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دامەزراوەکانی وڵاتدا.
سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری باسی لەوەش کرد، پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکەن لە بانگەوازەکەی بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، بە جۆرێک بگاتە رێککەوتنێک لە چوارچێوەی دەستووردا کە راگرتنی ناردنەدەرەوەی نایاسایی نەوت و کۆنترۆڵکردنی کارە نایاساییەکان لە سنوورە جیهانییەکان و ناوخۆی عێراقدا دەستەبەر بکات.
خەمیس خەنجەر ئەوەشی خستەروو، لەو چوارچێوەیەدا پێشنیازی پێکهێنانی دەستەیەکی باڵا لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی وڵات دەکەن تا ئەرکی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان بەگوێرەی دەستوور بگرێتە ئەستۆ، بە جۆرێک بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی بپارێزێت و سەقامگیری و سەروەریی یاسا بچەسپێنێت.
سەرۆکی هاوپەیمانیی "سیادە" داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکات، پەلە بکات لە پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز بە شێوەیەک مافی سەرجەم عێراقییەکان دەستەبەر بکات.