"ئەمەریكا و چین رێككەوتن"
ترەمپ: وەك قۆناغی یەكەم لەگەڵ چین گەیشتینە رێككەوتنێكی بازرگانی و ئابووری
K24 - ھەولێر
سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند، لەگەڵ چین گەیشتنە رێككەوتن و ئەو پێناسە گومرگییەی كە بڕیاربوو بسەپێندرێتە سەر كاڵاكانی چین، ھەڵوەشێندرایەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە تویتێكدا ئاشكرای كرد، وەك قۆناغی یەكەم گەیشتنە رێككەوتنێكی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ چین، كە خۆی لە ھەڵوەشاندنەوەی پلە بە پلەی پێناسی گومرگی دەگرێتەوە.
ترەمپ جەختیشیكردەوە، كە چین رەزامەندی دەربڕیووە لەسەر ئەنجامدانی گۆڕانكاری بنەڕەتی و كڕینی بەرھەمی كشتووكاڵی و وزە و كاڵای پیشەسازی، ئاماژەی بەوەشدا كە واشنتن دەستبەجێ دەست بە دانووستاندنی قۆناغی دووەمی رێككەوتنی بازرگانی لەگەڵ پەكین دەكات.
وەزارەتی بازرگانی چینیش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو رێككەوتنە دەبێتە ھۆكاری پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەو كۆمپانیا بیانییانەی كە لە چیندا كاردەكەن، ھەروەھا بەرژەوەندییە یاساییەكانی ئەو كۆمپانیا چینیانەی كە لەگەڵ ئەمەریكادا مامەڵە دەكەن.