كۆنگره‌ی یه‌كێتی نزیكه‌ و بیروڕای جیا له‌ باره‌ی "كه‌سی یه‌كه‌می" حزبه‌كه‌ هه‌یه‌

ئه‌ندامێكی كۆنگره‌: هه‌موو شتێك له‌ كۆنگره‌ یه‌كلاده‌كه‌ینه‌وه‌

K24 - سلێمانی:

بڕیارە لە کۆنگرەی چوارەمیدا یەکێتی نیشتیمانی گۆڕانکاری لە پەیڕەو و پڕۆگرام و ھه‌یکەلی ڕێکخستن و ڕێکخراوەیی خۆیدا بکات، ئەو گۆڕانکاریانەش لە ماوەی ڕابردوودا خواست و ویستی ئەندامانی یەکێتی بووەو ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبەش دەڵێت کۆنگرە بۆ ئۆرگانەکانی یەکێتیە بۆیە پێویستە گوێ لە کادرانی یەکێتی بگیردرێت.

یەکێتی دەیەوێت لەم کۆنگرەیەدا ستراتیژێکی تایبەت دابڕێژێت بۆئەوەی بتوانێت لە ئاست پێداویستيیەکانی حزبەکە و خەڵکی کوردستاندا بێت، ئەندامێکی کۆنگرەی چواریش چاکسازی و گۆڕینی پەیکەری یەکێتی بە پێویستیەکی سەرەکی دەزانێت.

بە پێی زانیاریەکانی کوردستان 24 چەند بیرۆکەیەک ھەیە بۆ بە ڕێوەبەردنی یەکێتی لە ئاستی باڵادا کە یەکێکیان ئەوەیە کەسی یەکەم وەک سەرۆک یاخود سکرتێری گشتی لە ڕووی کارگێری و سیاسی و ئابورییەوە چەند یاریدەدەرێکی ھەبێت، بیرۆکەیەکی دیکەش بە پێویستی دەزانێت کەسی یەکەم یەك جێگر یاخود زیاتری ھەبێت بە تەواوی دەسەڵاتەکانیانەوە، سەرجەمی ئەم بابەتانەش لە کۆنگرەدا یەکلا دەکرێنەوە.