ئومێد خۆشناو: فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای چاکسازیی رێککەوتن

ئومێد خۆشناو وردەکارییەکان بۆ کوردستان24 ئاشکرا دەکات

K24 – هه‌ولێر:

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەربەستی گەورە لەبەردەم پەسەندکردنی پڕۆژەی چاکسازیی لە پەرلەمان نییە و ئامانجیانە پێش پشووی سەری ساڵ، پڕۆژەکە پەسەند بکەن.

ئەمڕۆ فراکسیۆنە بەشدارەکان لە پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکان، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان بەمەبەستی دروستکردنی زەمینەیەکی لەبار بۆ تێپەڕاندی پڕۆژە یاسای بودجە ئەنجامدا کە بڕیارە سبەی پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەو پڕۆژە یاسایە بکات.

ئومێد خۆشناو لەوبارەوە بە کوردستان24ی راگەیاند: "هەموو لایەنەکان کۆک بووین لەسەر ئەوەی پڕۆژەکە زۆر گرنگە بۆ چاکسازیی و باشترکردنی دۆخی خەڵک، پێشتریش رێککەوتنمان لە بارەیەوە کردووە".

راشیگەیاند: "خوازیارین پێش دەستپێکردنی پشوو پڕۆژەکە پەسەند بکرێت، دەسەڵاتیشمان هەیە پشووەکان کەم بکەینەوە ئەگەر پڕۆژەکە پەسەند نەکرا. تاکو ئێستاش تێبینیەکی ئەوتۆ لەسەر پڕۆژەکە نییە".

H.J