ئەمنستی ئاماری کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران ئاشکرا دەکات

هەزاران کەس دەستگیر کراون

K24 – هه‌ولێر:

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەمنستی رایدەگەیەنێت، زیاتر لە 304 خۆپیشاندەری ئێرانی كوژراون.

لە نوێترین ئاماردا كە ئەمڕۆ بڵاوی كردووەتەوە، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لانی كەم 304 خۆپیشاندەر لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانی ئێران كوژراون، ئەمەش لە چوارچێوەی دواین ھەڵمەتەكانی سەركوتكردنی خۆپیشاندەرانی شارەكانی ئێران.

رێكخراوەكە ئاماژە بەوەش دەكات، ھێزە ئەمنییەكانی ئێران ھەڵمەتێكی توندیان بۆ سزادانی خۆپیشاندەران دەستپێكردووە لەسەر ئاستی ئەو وڵاتە. دەشڵێت، تا ئێستا حەوت هەزار خۆپیشاندەر و چالاكوانی مافەكانی مرۆڤ و قوتابی دەستگیركراون.

لە دواین شەپۆلی خۆپیشاندانەکانی ئێران، هاووڵاتیان داوای باشترکردنی گوزەران و نەهێشتنی گەمارۆکانی سەر ئێرانیان دەکرد، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا، هێزە ئەمنییەکان توانیان کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن.

 H.J