یاسای وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌موارده‌كرێته‌وه‌

کار بۆ پێشخستنی بەرهەمی کشتوکاڵی و پیشەسازی دەکرێت

K24- هه‌ولێر:

بڕیارە یاسای وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ھەموار بکرێتەوە و وەزارەتی کشتوکاڵیش داوا دەکات، یاساكه‌ بەجۆرێك ھەموا بکرێتەوە، كه‌ دەستی وەبەرھێنەرانی ناوخۆ و دەرەکی بگرن، تا لە ھەرێمی کوردستان بەرھەمی کشتوکاڵی و پیشەسازی گەشەپێبدەن.

حوسێن حه‌مه‌ كه‌ریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: پڕۆژەکەیان ئامادەکردووە و لەڕێگەی چەند لێژنەیەکەوە لەگەڵ دەستەی وەبەرھێنان ھەوڵ دەدەن یاساکە ھەمواربکەنەوە، ئەو گۆڕانکاریانەشی کە پێویستە لە یاساکەدا بکرێت، بریتین لە زیادکردنی باج لەسەر بەرھەمی دەرەکی و دامەزراندنی کارگەی تایبەت بە بەرھەمی ناوخۆیی و لە قوتونانی بەرھەمە زیادەکان.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا ئه‌حمه‌د عه‌لی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یەکێتی گشتی جوتیارانی کوردستان داوا دەکات، یاساکە بەجۆرێك ھەمواربکرێتەوە، كه‌ دەستی جوتیاری ناوخۆیی بگیرێت لە ریگەی دابینکردنی پێداویستییەکانی کشتوکاڵەوە بۆ ئەوەی پەرە بە کەرتی وەبەرھێنان بدرێت و وەبەرھێنەران ھانبدرێن پڕۆژەکانیان لە ناوخۆدا پەرە پێبدەن.

وەزارەتی کشتوکاڵ لە پڕۆژەکەیدا داوای کردووە، یاساکە بەجۆرێك ھەموار بکرێتەوە، کە ھانی وەبەرھێنەران بدرێت و ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بکرێن کە پێویستی خەڵکە و ھاوکاری ماددی و کارگێڕی وەبەرھێن دەکات, لەگەڵ ئەوەشدا ھاوکاری ئەو جوتیارانە بکرێت، کە وەبەرھێنانی بچوکیان کردووە، بۆ ئەوەی بتوانرێت ئاستی بەرھەمھێنانی ناوخۆیی بەرز بکرێتەوە .

ئەمە جگە لەوەی وەزارەتەکە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەماھەنگن، بۆ دامەزراندنی کارگەیەکی تایبەت بە لەقوتونانی ئەو بەرھەمانەی لە ناوخۆدا زیادن.

H.B