مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ وه‌زیری به‌رگری ئیتاڵیا ده‌كات

وه‌زیری به‌رگری ئیتاڵیا له‌ هه‌ولێری پایته‌خته‌

K24 – هه‌ولێر:

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2019/12/17 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە لۆرێنزۆ گوێرینی وەزیری بەرگری ئیتاڵیا و شاندێکی هاوڕێی کرد. 

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دوا پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش کرا. وەزیری بەرگری ئیتاڵیا ئاماژەی بە پەیوەندی مێژوویی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی خۆشحاڵین بە پەیوەندی و بە هەماهەنگی بەهێزمان لە گەڵ هێزی پێشمەرگە ، ستایشی قوربانیدانەکانی پێشمەرگەش دەکەین لە شەڕی دژی تیرۆردا .

 وەزیری بەرگری ئیتاڵیا گوتیشی هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق هێشتا هەرماوە  ، بۆیە ئیتاڵیا وەک ئەندامێکی کارای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە.

وەزیری بەرگری ئیتاڵیا راشیگەیاند کە لە مانگی داهاتوودا بەشداری و پابەندبوونمان لە شەڕی داعش و هاوکاری پێشمەرگە نوێ دەکەینەوە، چونکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هێشتا کاری زۆرمان ماوە بەیەکەوە ئەنجامی بدەین.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوکارییەکانی ئیتاڵیای بۆ هێزی پێشمەرگە کرد و هیوای خواست پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا زیاتر بەرەوپێشەوە بچێت.