دامەزراندن لە کەرکووك کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە

جیاوازی له‌ نێوان پێكهاته‌كان ده‌كرێت و 70%ی بۆ پێكهاته‌ی عه‌ره‌به‌

K24 - كه‌ركووك:

نزیکەی سێ هەزار پلەی دامەزراندن بۆ کەرکووك هاتووە، لەو ژمارەیە عەرەبەکان سەدا حەفتایان بۆخۆیان بردووە کە تەنیا حەویجە نزیکەی هەزار پلەی بۆدابینکراوە، بڕیاربوو دووهەفتە پێش ئێستا ناوەکان ئاشکرابکرێن، بەڵام حەشدی توورکمانی هەڕەشەی ئەوەی کرد لە ئەگەری ڕاگەیاندنی ناوەکان هەڵدەکووتنە سەر بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە. 

کوردیش داوای ڕێژەیەکی تایبەت دەکات، بۆیە پڕۆسەکە ئێستا ڕاگیراوە و لێژنەیەکیش لەبەغداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پێکهێنراوە.

دامەزراندنەکە نزیکەی سێ هەزار پلەیە و ناوەکان ئامادەن بۆ ڕاگەیاندن، بەڵام بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووك لە دوو هەفتەی ڕابردوو بەڕاشکاوی وتی: "بەهۆی هەڕەشەی حەشدی شەعبییەوە ناتوانێت ناوەکان ئاشکرابکات".

سەدا حەفتای دامەزراندنەکە بۆ نەتەوەی عەرەب تەرخانکراوە، بەتەنیا حەویجە نزیکەی هەزار پلەی بۆ دانراوە و سووریشن لەسەرئەوەی ڕێژەکە دەستکاری نەکرێت.

ده‌رچووێكی زانكۆ كه‌ خه‌ڵكی حه‌ویجه‌یه‌ ده‌ڵێت: "حەویجە بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2016 لە ژێر کۆنترۆڵی داعش بوو، دەرچووانی سوودمەندنەبوون لەدامەزراندن، بۆیە مافی خۆمانە زۆرترین ڕێژەی دامەزراندن بۆ ئێمە دابین بکرێت".

گومانی زۆر لەسەر دامەزراندنەکەی پەروەردە هەیە ، بەربڵاوترینیان دامەزراندنە بەرامبەر بڕێکی زۆری پارە کە دەگاتە بیست هەزار دۆلار بۆ هەرپلەیەك.

ئ. م