بە گوژمەی زیاتر لە نیو ملیار دینار دوو پڕۆژەی رێگاوبان لە سنووری شارەزوور کرانەوە

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوو پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگاوبانی لە سنووری قەزای شارەزوور کردەوە و رایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتدا تا ئێستا رێگەی زیاتر لە 450 گوند قیرتاو کراون.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی قایمقامی شارەزوور، ژمارەیەک لە راوێژکاران، بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەرپرسانی ئیداریی ناوچەکە، پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگەی گوندی "تەپەکەل" و کۆڵانەکانی گوندی "دسکەرە"ـی لە سنووری قەزای شارەزوور لە پارێزگای سلێمانی کردەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، پڕۆژەی یەکەم بریتییە لەقیرتاوکردنی رێگەی گوندی (تەپەکەل) بە درێژیی 4 کیلۆمەتر و بە گوژمەی 430 ملیۆن دینار، پڕۆژەی دووەمیش قیرتاوکردنی رێگەی کۆڵانەکانی گوندی (دسکەرە) بووە بە گوژمەی 85 ملیۆن دینار، کە لەژێر سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی رێگاوبانی سلێمانی جێبەجێ کراون.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە کاتی کردنەوەی پڕۆژەکان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن خۆشحاڵی خۆی بە تەواوبوونی پڕۆژەکان دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد: "بووژاندنەوەی گوندەکان و قیرتاوکردنی رێگاکانیان بەردەوامە، بەپێی پلانی وەزارەتیش تا ئێستا توانراوە رێگەی زیاتر لە 450 گوند قیرتاو بکرێت و ئەم پڕۆژانەش لە سەرجەم ناوچەکان بەردەوام دەبن."

دانیشتووانی ناوچەکە سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و ستافی بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ گەیاندنی ئەم خزمەتگوزارییانە بە گوندەکانیان.