كۆنگرەی یەكێتی دەستیپێكرد
چوارەم كۆنگرەی یەكێتی لە سلێمانی بەسترا
K24 - ھەولێر
كەمێك پێش ئێستا كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی دەستیپێكرد.
بەگوێرەی زانیاری پەیامنێرمان لە سلێمانی لە یەكەم رۆژی كۆنگرەی یەكێتی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە دەخوێندرێتەوە و دەخرێتە دەنگدانەوە.
لە دەستپێكی كۆنگرەكەدا كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی لە وتارێكدا وێڕای پیرۆزبایی كردنی بەستنی كۆنگرە، داوای كرد، وەك سەركردە و كادیرەكانی یەكێتی لاپەڕەیەكی نوێ لە ژیانی سیاسی ھەڵدەنەوە و ھەموویان بەرپرسیاریەتی مێژوویی بگرنە ئەستۆی خۆیان.
پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی ئاماژەی بەوەدا: "یەكێتی بۆ بەستنی كۆنگرە ھیچ میوانێكی ناوخۆ و دەرەوەی بانگێشت نەكردووە و لە یەكەم رۆژدا كارەكانی كۆنگرە دەست پێدەكات".
حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بە كوردستان24ی راگەیاند: "دوای ئەو ھەموو ئاستەنگ و گرفتانەی لەبەردەمان بوون، بە ھیمەتی ھەموو لایەك ئەمڕۆ چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی دەبەستین، كۆنگرەیەك بۆ پاراستن و نوێبوونەوە و ئێستا و داھاتووی یەكێتی. بڕوامان بەخۆمان ھەیە و كۆنگرەیەكی سەركەوتوو دەبەستین".
ھەروەھا ئارام محەمەد، ئەندامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بە كوردستان24ی راگەیاند: "یەكێتی پێویستی بەھێز و رووخساری نوێ ھەیە بێنە پێشەوە، چونكە قۆناخەكە پێویستی بەوە ھەیە، بۆ ئەمەش دەبێت ئەندامانی كۆنگرە ئەوە لەبەرچاو بگرن كە كێ دێننە پێشەوە".
گوتیشی: "یەكێتی برین و كێشەی زۆرە و لە كاتێكدا كۆنگرە دەكات بەشێك لە كێشەكان ماون و پێویست دەكات كۆنگرە ئەم كێشانە چارەسەر بكات".
یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ساڵی 1975 دامەزراوە و لە سێ كۆنگرەی رابردوودا مام جەلال تاڵەبانی بە سكرتێری گشتی ئەو حزبە ھەڵبژێردراوە، كۆنگرەی چوارەم یەكەم كۆنگرەیە بەبێ مام جەلال سكرتێری كۆچكردوی یەكێتی ببەسترێت، بۆیە یەكێتییەكان بە ھەستیارییەوە لە كۆنگرەی حزبەكەیان دەڕوانن.