هۆشداری به پهرلهمانتارانی كوردستان دهدرێت
بەشێکی ئەندامانی پەرلەمان بەشداری کۆبوونەوەی لێژنەکان ناکەن
K24- ههولێر:
بەمەبەستی پابەندكردنی پەرلەمانتاران بە ئامادەبوونیان لە كۆبوونهوهكان، لێژنەکانی پهرلهمانی كوردستان دەست بە جێبەجێکردنی دوو مادەی پەیڕەوی ناوخۆ دەکەن. هاووڵاتیان و رۆشنبیرانیش تێبنیان لەسەر بەشێك لە پەرلەمانتاران لەو بارەیەوە هەیە. کوردستان 24 ئەو ماددە دەخاتەڕوو، کە بەهۆی پابەند نەبوونی پەرلەمانتار بەدانیشتنەکانەوە، متمانەی لێ وەردەگیرێتەوە یان بەشێکی مووچەکەی دەبردرێت.
بەشداری رێژەیەکی کەمی پەرلەمانتاران لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان و کۆبوونەوەی لێژنەکان دەستەی سەرۆکایەتی ناچارکردووە ھۆشداری بداتە پەرلەمانتاران، ئەو ئامادەنەبوونەی بەشیك لە پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکان یان زوو جێ ھێشتنی کۆبوونەوەکان، بە تایبەت کۆبوونەوەی لێژنەکان بووهته جیێ رەخنەی ھاوڵاتیان و رۆشنبیران.
سادق گهردی كه مامۆستای زانکۆیه لهمبارهیهوه دهڵێت: پهرلهمانتاران نوێنەری خەڵکن و خەڵك چاوی لەوانە داکۆکی له ماف و ئیمتیازاتهكانیان بکهن.
هاوكات دەستەی سەرۆکایەتی بۆ یەکەم جار ناچاربوو بە روونی پەرلەمانتاران ئاگادار بکاتەوە لە ئامادەنەبوونیان لە دانیشتنیەکانی پەرلەمان، بە تایبەت كۆبوونهوهی لێژنەکان. بۆ لەمەودواش پەرلەمان ماددەی ٢٢ و ٢٣ پەیڕەوی ناوخۆ جێبەجێ دەکات و ناوی پەرلەمانتاران ئاشکرا دەکات. ههر سهبارهت بهم بابهتهش سامان ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندنی پەرلەمان دەڵێت: ئەو سزایانەی لە پەیرەو دیاری کراون، لەسەر پەرلەمانتاران جێبەجێ دەکرێت، تا دەگاتە لێسهندنهوهی متمانە.
لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان ماددەی ٢٢ دەڵێت: "ھەر ئەندامێکی پەرلەمان لە یەك وەرزی یاسادانان لە سێ دانیشتنی یهك لهدوای یهك ئامادە نەبوو. ئەوا ناوی لە سایتی پەرلەمان بڵاودەکرێتەوە و سەدا ٥ی مووچەکەشی دەبردرێت، ئەگەر دوای ئەم ھۆشداریە بەردەوام بوو تا ٥ کۆبوونەوەی پچر پچر بەشداری نەکات، ئەوا سەرۆکی پەرلەمان بۆی ھەیە لێسەندنەوەی متمانەی بخاتە دەنگدانەوە.
ئەوەی تێبنی کراوە بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمان بەشداری کۆبوونەوەی لێژنەکان ناکەن، بە جۆرێك لە کۆی ١١١ پەرلەمانتارەکە ٤ پەرلەمانتار بەبێ غیاب بوون ئامادەی ھەموو دانیشتنەکانی پەرلەمان و لێژنەکان بوون.
H.B