بۆچی یاسای نوێی هه‌ڵبژاردن به‌ زیانی كورد ده‌شكێته‌وه‌؟

یاسای نوێی ھەڵبژاردن ناڕەزایی لێدەكەوێتەوە

K24 - هه‌ولێر:

چاودێرانی پرۆسەی ھەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژە بە خاڵە نەرێنییەكانی یاسای نوێی ھەڵبژاردن دەكەن و دەڵێن:  "زەرەرمەندی یەكەم لەو یاسایە نوێیەدا كوردە، بە تایبەت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم"، چونكە ئیتر لەمەودوا لە كاتی ھەڵبژاردنەكان ئەو شارۆچكانەی ژمارەی دانیشتووانیان كەمە لەگەڵ یەكتری لێكدەدرێن، بەمەش كورد زیانی پێدەگات و دەنگەكانی لەو شارۆچكانە دەەفەوتێت.

ئەندامێكی لێژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمیش لە پەرلەمانی كوردستان بە نیازە لە كۆبوونەوەی داھاتووی لێژنەكە، بەمەبەستی تۆماركردنی سكاڵا لەسەر یاساكە، نووسراوێك پێشكەشی سەرۆكی لێژنەكە بكات.

لە كاتی پەسندكردنی یاسایەكە جگە لە یەك فراكسیۆن، سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان بایكۆتی دەنگدانەكەیان كرد، بە گوێرەی یاسایەكە بازنەی دەنگدان لە پارێزگاكانەوە بۆ قەزا و ناحییەكان بچووك بوونەتەوە، شارۆچكە بچووكەكان لە كاتی دەنگدان لەگەڵ یەكتری لێكدەدرێن، چاودێرێكی پرۆسەی ھەڵبژاردنیش باس لەو رێكارانە دەكات كە لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان پێویستە لە ناوچە كوردستانییەكان بیگرنە بەر.

خاڵە نەرێنییەكانی دیكەی یاسایەكە ئەوەیە كە دەرفەتی دەرچوون لەبەردەم ئەو كەسانە زیاتر دەكات كە لەلایەن خێڵ و شێخ و عەشیرەتەكانەوە كاندید دەكرێن، ھەروەھا ناڕوونی ژمارەی دانیشتووانی ھەر ناوچەیەك بەھۆی ئەنجامنەدانی سەرژمێری، لە كاتی لێكدانی دوو شارۆچكە لە ھەڵبژاردن گرفتێكی دیكە درووست دەكات، جگە لەوەی بەھۆی ھەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە یەكەی دەنگدان، ھۆكارێكی دیكەیە بۆ ئەوەی ھاوڵاتییانی دەره‌وەی عێراق لە دەنگدان بێبەش دەبن.