هۆشداری لە کەمبوونەوەی ژمارەی کرسیتیانەکان لە عێراق دەدرێت
"به بهراورد لهگهڵ باشوور و ناوهڕاستی عێراق ئاسایشی پێكهاتهكان له ههرێمی كوردستان پارێزراوتره"
K24- ههولێر:
پێكھاتەكانی ھەرێمی كوردستان جهخت دهكهنهوه، بە بەراورد لهگهڵ باشوور و ناوهڕاستی عێراق، لە ھەرێمی كوردستان زیاتر پارێزراون و باشتر توانیویانە مافەكانیان دەستەبەر بكەن، بەتایبەت دوای ئەوەی لەم خولەی پەرلەماندا لە دەستەی سەرۆكایەتی و لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ئاستی وەزارەت بەشداری كارایان پێكراوە، بەڵام داواش دەكەن بۆ ھەر پێكھاتەیەك ئەنجوومەنێكی باڵا پێكبھێندرێت.
رۆمیۆ ههكاری، سكرتێری پارتی دیموكراتی بەیت نەھرەین ئاماژە بەوە دەكات، بەھۆی مەترسی لەسەر ژیانیان رۆژ بە رۆژ ژمارەی نەتەوەكانی كلدان، سریان و ئاشووری لە عێراق كەمتر دەبنەوە.
له بهرامبهریشدا سۆران سهڵاحهدین، سەرۆكی قەوارەی ھاوپەیمانی توركمانی ھەولێر جهخت دهكاتهوه، توركمان كە نەتەوەی دووەمی ھەرێمی كوردستانه، ساڵانێكە داوا دەكەن لە عێراق ئەنجوومەنێكی ڕاپەڕاندنی كارەكان بۆ پێكهاتهكهیان دابمەزرێت، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.
سەبارەت بە ھەرێمی كوردستانیش دهڵێت: لە خولی رابردووی پەرلەمان پرۆژە یاسایەكی تایبەت بە دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای پێكھاتەكان خوێدندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، بەڵام توركمانهكان دەیانەوێ ھەر پێكھاتەیەك ئەنجوومەنێكی باڵای بۆ دابمەزرێت، نەك ئەنجوومەنێك بۆ ھەموو پێكھاتەكان.
لەم خولەی پەرلەمانی كوردستان بۆ یەكەم جار پێكھاتەكان و لە ناویشیاندا توركمانەكان لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەشدارییان پێكرا و پۆستی سكرتێری پەرلەمانیان وەرگرت، لە ھەمان كاتدا وەزارەتێكیشیان لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە پێدرا، كریستیانەكانیش بەھەمان شێوە وەزارەتێكیان وەرگرتووە.
H.B