روانگه‌ی سووریا: توركیا چه‌كدارانی سووریا ده‌گوازێته‌وه بۆ لیبیا
مانگانه (2000 - 2500) دۆلار ده‌داته هه‌ر چه‌كدارێك
K24 – هه‌ولێر:
روانگه‌ی سووریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، رایگه‌یاند، توركیا ئاماده‌كاری كردووه، بۆ ناردنی چه‌ند گرووپێكی نوێی چه‌كدارانی سووریا بۆ لیبیا.
به گوێره‌ی زانیاری روانگه‌كه، توركیا ئاماده‌یی پیشانداوه، مانگانه (2000 - 2500) دۆلار بداته هه‌ر چه‌كدارێك، كه (3-6) مانگ له لیبیا شه‌ڕ بكات.
روانگه‌ی سووریا له زاری سه‌رچاوه‌كانییه‌وه بڵاویكرده‌وه، (300) چه‌كداری سووریا گه‌یه‌ندراونه‌ته لیبیا و به‌و پێیه سه‌ربازگه‌كانی توركیا له لیبیا (900 - 1000) چه‌كداریان ئاماده كردووه و مه‌شقیان پێكردوون بۆ ئه‌وه‌ی له ریزی حكومه‌تی "ته‌رابلووس" شه‌ڕی چه‌كدارانی به‌رهه‌ڵستكار به سه‌رۆكایه‌تی "خه‌لیفه حه‌فته‌ر" بكه‌ن، كه له لایه‌ن میسر، سعوودییه، ئیمارات و ژماره‌یه‌ك وڵاتی رۆژئاواییه‌وه پشتیوانی ده‌كرێت و ده‌یه‌وێت ده‌ست به‌سه‌ر "ته‌رابلووس"دا بگرێت.
روانگه‌كه ئاشكراشیكردووه، ژماره‌یه‌ك له‌و چه‌كدارانه‌ی روویان له لیبیا كردووه، سه‌ر به گرووپه‌كانی "حركة حزم"، "سلێمان شاهـ" و "سوڵتان موراد"ن.
روانگه‌كه باسی له‌وه‌شكردووه، ژماره‌یه‌ك نووسینگه‌ی ناونووسین له "عه‌فرین" و ناوچه‌كانی دیكه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی توركیا كراونه‌ته‌وه و ناوی ئه‌و كه‌سانه ده‌نووسن، كه ده‌یانه‌وێت بۆ شه‌ڕكردن رووبكه‌نه لیبیا.