داوا ده‌كرێت حكوومه‌تێكی بچووككراوه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌رهه‌م ساڵح بۆ عێراق پێكبهێندرێت

شاره‌زایان ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌ هیچ مادده‌یه‌كی ده‌ستووری رێگه‌ به‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی بچووككراوه‌ بدات

K24- هه‌ولێر:

دوای ئەوەی ھاوپەیمانی وەتەنییەی سەر بە ئەیاد عەلاوی داوایكرد، حكوومەتێكی بچووككراوە پێكبھێندرێت و بەرھەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق سەرۆكایەتی بكات، شارەزایەكی دەستووری رەتیدەكاتەوە، ھیچ ماددەیەكی دەستووری ھەبێت ڕێگە به‌مه‌ بدات.

له‌مباره‌یه‌وه‌ سۆران عەلی، شاره‌زای بواری دەستووری جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، هیچ مادده‌یه‌كی ده‌ستووری نییه‌ كه‌ رێگه‌ به‌وه‌ بدات سەرۆك كۆماری عێراق بتوانێت حكوومەتێكی بچووككراوە پێكبھێنێت.

له‌كاتێكیشدا كاندیدكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ گرفتە گەورەكەی ئێستا بەردەم بەرپرسانی عێراقە، ئەمەش دوای ئەوەی بەرھەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدەكەی كوتلەی بینای بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران رەتكردەوە، سه‌باح سوبحی، شارەزای زانستە سیاسییەكانیش ئاماژە بەوە دەكات، ئەوكاتە دەتوانرێت حكوومەتێكی بچووككراوە پێكبھێندرێت، كە ئەمریكا و ئێران و تەواوی لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەسەری بگەنە رێككەوتنێك، كە ئەمەش زۆر مه‌حاڵه‌.

پێشتر هاوپەیمانێتی بینا ناوی هەریەك لە قوسەی سوهەیل و ئەسعەد عیدانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کاندید کردبوو، بەڵام هەرزوو لەلایەن خۆپیشاندەران رەتکرانەوە. بەشێك لە كوتلە سیاسییەكانیش بەتایبەت سائیروون كاندیدكردنی ھەموو ئەو كەسانە ڕەت دەكەنەوە كە خۆپیشاندەران لەگەڵیدا نین و له‌لایه‌ن حزبه‌ و كوتله‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ كاندید ده‌كرێن.

H.B