ئه‌نقه‌ره: له ئیدلب ناكشێینه‌وه
ئه‌سه‌د: له ئیدلب شه‌ڕ به‌رده‌وامه
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری به‌رگری توركیا، خلووسی ئاكار، رایگه‌یاند، توركیا له ئیدلب ناكشێته‌وه و سوپای سووریا چه‌ندین جار بڕیاری ئاگربه‌ستی له ناوچه‌كه شكاندووه.
له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "NTV"ـی توركی، وه‌زیری به‌رگری گوتی: "رژێمی سووریا له ناوچه‌ی ئیدلب چه‌ندین جار بڕیاری ئاگربه‌ستی پێشێل كردووه".
داواشی له رووسیا كرد، "هه‌ژموونی خۆی به‌كاربهێنێت بۆ دانانی سنوورێك بۆ پێشێلكارییه‌كانی سوپای سووریا".
سه‌باره‌ت به كشانه‌وه‌شیان له "ئیدلب"، وه‌زیری به‌رگری توركیا، دووپاتیكرده‌وه، "سوپای توركیا له ئیدلب ناكشێته‌وه".
سوپای توركیا له سنووری پارێزگای "ئیدلب"، كه به ده‌ست هێزه به‌رهه‌ڵستكاره‌كان و گرووپه میلیشیاكانی سه‌ر به "به‌ره‌ی نووسره" و رێكخراوی "ئه‌لقاعیده"یه، (12) خاڵی چاودێری سه‌ربازی هه‌یه و به گوێره‌ی به‌نده‌كانی رێككه‌وتنی "ئه‌ستانه" دایمه‌زراندوون.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌مڕۆ به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا له‌گه‌ڵ گه‌وره یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران، عه‌لی ئه‌سغه‌ر خاچی كۆبوه‌وه.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆكی سووریا باسی له‌و پێشكه‌وتنانه‌ی سوپای سووریا كردووه، كه له ناوچه‌ی "جزیره" به‌ده‌ستیهێناوون و دووپاتیشیكردووه‌ته‌وه، تا كۆتایهێنان به به‌رهه‌ڵستكاره‌كان و نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتیان له شاره‌كه شه‌ڕ له "ئیدلب" به‌رده‌وام ده‌بێت.