ترەمپ ھەڕەشە دەكا و ئێران رەتیدەكاتەوە

واشتن و تاران وەڵامی یەكتر دەدەنەوە

K24 - ھەولێر

بەرپرسانی ئێران رەتیدەكەنەوە كە لەپشت ھێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكابن لە بەغدا، لەگەڵ ئەوەش ھەموویان ئەمەریكا وەكو داگیركەر ناودەبەن و مافی تۆڵە كردنەوەش بەرامبەر ئەمەریكا بە مافی عێراقییەكان دەزانن، بەڵام سەرۆكی ئەمەریكا ھەڕەشەی لە ئێران كرد و دەڵێ، ئەوان لەپشت رووداوەكانی عێراقن و لێیان قبووڵ ناكەن.

رووداوەكە لە بەغدایە، بەڵام واشنتن رووی لە تارانە. دوای ئەوەی ئەندام و لایەنگرانی حەشدی شەعبی ھێرشیان كردەسەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا. دۆناڵد ترەمپ سەرۆك و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا راستەوخۆ ئێرانیان بە ھۆكاری ئەو ھێرشە ناوبرد، بەڵام ترەمپ بە تویت تووند و بەلێدوان نەرم بوو، لە تویتەردا ھەڕەشەی لەتاران كرد و بە لێدوانیش داوای ئاشتی كرد.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە نوێترین لێدوان لەبارەی ھێرشی لایەنگرانی حەشد بۆسەر باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە بەغدا گوتی: "ئایا شەڕ لەگەڵ ئێران ئەوەیە كە دەمەوێ؟، نا من ئاشتیم دەوێ و ئێرانیش دەبێ لەھەموو كەس زیاتر داوای ئاشتی بكات، كەواتا پێشبینی شتێكی وا ناكەم".

ئەگەرچی بەقسە و لێدوانی بەرپرسانی ئێرانەوە دیارە كە پێیان ناخۆش نییە ھێرش كراوەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، بەڵام ھەموویان رەتیدەكەنەوە كە دەستیان لە ھێرشەكەدا ھەبووبێت، سوپای پاسداران و وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانی جیاوازدا ئەمەریكایان وەكو داگیركار و پێشێلكاری سەروەری خاكی عێراق ناونا، بەڵام رەتیانكردەوە لە پشت رووداوەكانی بەغدا بن.

ئەوە لەكاتێكدایە كە سەرجەم تویت و لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ رووی لە ئێرانە و پێنتاگۆنیش ھەر لەسەر داوای ترەمپ ھێزێكی زۆرتری رەوانەی عێراق كردووە.

دوای ئەوەی لە ھێرشێكدا بۆ بنكەی سەربازی (كەی وەن) لە كەركووك ھاووڵاتییەكی ئەمەریكی كوژرا، فڕۆكە بێفرۆكەوانەكانی ئەمەریكا رۆژی یەكشەممە 29/12/2019 ھێرشیان بۆ سەر چەند بنكەی كەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی سەر بە حەشدی شەعبی كرد و دەیان كەس بوونە قوربانی، ئەوەش خۆپێشاندانی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریكای لێكەوتەوە.

 لە روانگەی كۆشكی سپی ئێران راستەوخۆ لەپشت ھەموو ئەو رووداوانەیە، ھەر بۆیە ترەمپ جگە لە ھەڕەشە دۆخەكە و ئەگەرە چاوەروان نەكراوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل، سعودیا و ئەبوزەبیش باسكردووە.

ھ.م

Fly Erbil Advertisment