تەرمی قاسم سولەیمانی گەیشتەوە ئێران

لە ئەهواز پێشوازیی لێکرا

K24 – هه‌ولێر:

تەرمی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس، گەیشتەوە ئێران و لە شاری ئەهواز پێشوازیی لێکرا.

هەزاران پرسەگێڕ بە پۆشاکی رەشەوە پێشوازیان لەو فەرماندەیەی ئێران کرد کە لە دوای عەلی خامنەیی، بە یەکێک لە کاریگەرترین سیاسەتوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دادەنرێت.

بڕیارە قاسم سولەیمانی کە لە هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکا لە بەغدا کوژرا، لە شاری لە دایکبوونی، شاری کرمان بە خاک بسپێردرێت.

هەڕەشەکانی ئەمەریکا و ئێران دژ بەیەک بەردەوامە، تاوەکو ئێستا تاران هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئەمەریکا نەهاویشتووە، بەڵام سەرکردەکانی دەڵێن، تۆڵە دەکەنەوە، بەڵام پەلە ناکەن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاش ئەمڕۆ لە تویتێکدا رایگەیاند، هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر ئەمەریکییەکان، بە تووندترین شێوە وەڵام دەدەنەوە.