ئێران جیا لە ئەمەریکا ئەمانەش بە تیرۆرست دەزانێت

ئەمەریکا کێ دیکەی خستە لیستی تیرۆرەوە؟

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ پەرلەمانی ئێران پرۆژە یاسای بە تیرۆرست ناساندنی هێزەکانی ئەمەریکای پەسەندکرد.

بەگوێرەی ئەو پڕۆژە یاسایە، هەموو هێزەکانی ئەمەریکا، کارمەندانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و رێکخراو، بریکار و فەرماندەکانی و ئەوانەی فەرمانی کوشتنی قاسم سولەیمانیان داوە، بە تیرۆرست ناسێنراون.

هەر بەگوێرەی پڕۆژە یاساکە: "هەر هاوکارییەک بۆ هێزەکانی ئەمەریکا جا چ سەربازیی، هەواڵگیریی، دارایی، تەکنیکی، لۆجیستی و خزمەتگوزاریی بێت، بە کردەوەیەکی تیرۆرستی دەناسرێت".

بەگوێرەی هەواڵێکی دەیلی مەیلی بەریتانی، پەرلەمانتارانی ئێران بە گوتنەوەی: "مەرگ بۆ ئەمەریکا"، پرۆژە یاساکەیان پەسەندکردووە.

داهاتووی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بە نادیاریی ماوەتەوە. دوێنی دووشەممە، نامەیەک سەربازیی ئەمەریکا بڵاوکرایەوە کە باسی لە چوونە دەرەوەی ئەمەریکا لە عێراق دەکرد، بەڵام دواتر روونکردنەوە درا و سوپای ئەمەریکا رایگەیاند، نامەکە رەشنووس بووە و بە هەڵە نێردراوە.