یەكێتی ئەوروپا: كاری ھاوبەشمان لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبێت
"پەیوەندیمان لەگەڵ ھەموو كارەكتەرەكانی عێراق ھەیە"
K24 - ھەولێر
یەكێتی ئەوروپا جەختدەكاتەوە، كاری ھاوبەشیان لەگەڵ حكوومەتی عێراق بەردەوام دەبێت و رۆژی دووشەممەی داھاتووش جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی ئەوروپا دەكات.
جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە وەڵامی پەیامنێری كوردستان24 ئاماژەی بەوە كرد، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ عێراق بەردەوامن و درێژە بە كاری ھاوبەشیان دەدەن لە گشت بوارەكاندا.
جەختیشیكردەوە، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق بارودۆخی عێراق تاوتوێ دەكەن و داوای روونكردنەوەی لێدەكەن لەبارەی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە دەركردنی ھێزە بیانییەكان.
جۆزێف بۆرێل، گوتی: "ئێمە لەگەڵ عێراق كاری ھاوبەشمان بەردەوام دەكەین، بەو واتایە نییە تەنیا لەسەر بنەمای شەڕی دژی داعش، وەك یەكێتی ئەوروپا لەگەڵ عێراق چەندین رێككەوتنمان ھەیە، كە بوارەكانی ئابووری و بازرگانی و چەندین بواری دیكە لەخۆ دەگرێت لەپێناو گەشەسەندنی عێراق، رۆژی دووشەممە وەزیری دەروەی عێراق سەردانمان دەكات و لەوبارەوە داوای روونكردنەوەی زیاتری لێدەكەین، ھەروەھا تاوتوێی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان و دۆخی ناوچەكە دەكەین، پەیوەندیشمان لەگەڵ گشت كارەكتەرەكانی عێراق ھەیە لەوبارەوە، بەڵام ئەمڕۆ لە عێراق مەترسییەكی گەورە ھەیە".
ھ.م