هه‌ڵوێستی نوێی ئێران له باره‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و سعودیه
"بۆریس جۆنسن پێی‌گوتم پێویسته رێككه‌وتنێكی نوێ له‌گه‌ڵ تره‌مپ بكه‌م"
k24 - هه‌ولیر:
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ره‌تیده‌كاته‌وه تاران بۆ رێككه‌وتنێكی نوێ له جێگه‌ی رێككه‌وتنی پێشووی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا گفتوگۆ بكات و به پێچه‌وانه‌وه ئاماده‌یی تارانی بۆ ئه‌نجامدانی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سعودیه ده‌ربڕی.
ئاژانسی هه‌واڵی ئێرنای ئێرانی بڵاویكرده‌وه، زه‌ریف له گوته‌یه‌كدا له به‌رده‌م بازرگانانی هیندی له مومبای گوتی: "ئێران ناچێته ناو هیچ گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌نجامدانی رێككه‌وتنی نوێ".
زه‌ریف له وه‌ڵامی پرسیارێك له باره‌ی نێوه‌ندگیریكردنی هیندستان له نێوان تاران و ریاز گوتی: "ئێران ئاماده‌یه بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سعودیه و ته‌واوی وڵاتانی كه‌نداو و ئاماده‌یه پێشنیازی پێویستیش بۆ ئاسایشی ناوچه‌كه پێشكه‌ش بكات به‌تایبه‌تیش گه‌رووی هورمز، پێشتریش پێشنیازی پێویستمان پێشكه‌ش كردووه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، كه بۆریس جۆنسن، سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا پێی راگه‌یاندووه، پێویسته له جێگه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی پێشووتر، تاران رێككه‌وتنێكی نوێ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپدا بكات.
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریفیش له‌و باره‌یه‌وه روونی كردووه‌ته‌وه، كه ئه‌گه‌ر رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كه‌سه‌كان بێت پێویسته له داهاتوو چه‌ندین رێككه‌وتنی دیكه بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ده‌بنه سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا.
هاوكات پێداگری له‌سه‌ر رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی پێشووی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات كه له‌گه‌ڵ وڵاتانی 5+1 مۆری كردبوو و پێیوایه چوونه ده‌ره‌وه‌ی هیچ وڵاتێك له‌و رێككه‌وتنه قه‌بووڵكراو نییه، به‌و پێیه‌ی دوای ده‌ستبه‌كاربوونی تره‌مپ، ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا كشانه‌وه‌ی خۆی له رێككه‌وتنه‌كه راگه‌یاند.
ئ. م