کرێملن: پووتین و ترەمپ تاوتوێی کۆتاییهێنانی جەنگی ئۆکرانیایان کرد

یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، وردەکاریی نوێی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ڤلادیمێر پووتین و دۆناڵد ترەمپی خستەڕوو، و رایگەیاند، گفتوگۆکە تەواو یەک کاتژمێری خایاندووە و زەمینەی بنیاتنانی هاوبەشییەکی ئابووریی گەورەی لەخۆگرتووە.

سێشەممە 8ـی ئەیلوولی 2026، یوری ئوشاکۆڤ یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی، ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ،سەرۆکی ئەمریکا، لە کەشێکی "پڕ لە رێز و بنیاتنەر و تەواو راشکاوانە"دا بەڕێوەچووە.

ئوشاکۆڤ باسی لەوەش کردووە، تەوەرەی سەرەکی پەیوەندی تەلەفۆنەکە، بریتی بووە لە هەڵسەنگاندنی ئەنجامی سەردانەکەی 5 و 6ی ئەیلوولی شاندی ئەمریکا بە سەرپەرشتی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر بۆ مۆسکۆ و کیێڤ، کە مۆسکۆ بە "ئەرێنی" هەڵسەنگاندنی بۆ کردووە.

یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا روونی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ بە روونی جەختی لە خواستی خۆی بۆ کۆتاییهێنانی خێرا بە جەنگی ئۆکراینا کردووەتەوە لە سەردەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، و باوەڕی وایە راگرتنی جەنگ دەرگای دەرفەتێکی گەورە و بێوێنە بۆ گەڕاندنەوەی تەواوەتی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و رووسیا دەکاتەوە، بەتایبەت لە بواری بازرگانی و ئابووریدا کە قازانجێکی سەرسوڕهێنەر بە هەردوو دەوڵەت دەگەیەنێت.

بە گوتەی یوری ئوشاکۆڤ لای خۆیەوە، پووتین پشتگیریی لەم دیدگایە کردووە بە ئاراستەی دروستکردنی هاوبەشییەکی بنیاتنەر لە نێوان هەردوو زلهێزەکەدا، و ستایشی هەوڵەکانی نێوەندگیریی ترەمپی کردووە.

گوتیشی: لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، لێکۆڵینەوەیەکی بابەتییانە بۆ دۆخی بەرەکانی جەنگ لە ئۆکراینا و بەدیهێنانی ئامانجەکانی مۆسکۆ کراوە، و رووسیا باسی لەوە کردووە کە واشنتن دەتوانێت بە کردار چی بکات بۆ ئەوەی کردەوە سەربازییەکان بە زووترین کات کۆتاییان پێبێت.

سەبارەت بە دەنگۆی هەبوونی مەترسیی رووسیا بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپی، ئوشاکۆڤ گوتی: "لە پەیوەندییەکەدا بە روونی جەخت کرایەوە کە مۆسکۆ لە خەیاڵیشیدا هیچ پلانێکی دوژمنکارانەی بەرامبەر ئەوروپا نییە؛ ئەو پڕوپاگەندانە تەنیا وەک پەردەیەک لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە بەکاردەهێنرێن بۆ زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکانیان و پاساودانی هاوکارییەکانیان بۆ ئۆکرانیا."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، باسی لەوە کرد، هەردوو سەرۆک رێککەوتن لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگییەکان لە دۆسیە مرۆییەکان، لەوانە ئاڵوگۆڕکردنی دەستگیرکراوان و زیندانییەکان.

ئوشاکۆڤ ئاشکرای کرد، ڤلادیمێر پووتین بە تایبەتی ستایشی هەوڵ و رۆڵی میهرەبانانەی "مێلانیا ترەمپ"، خانمی یەکەمی ئەمریکای کردووە لە هاوکاریکردن بۆ گەڕاندنەوەی منداڵانی رووسی و ئۆکراینی بۆ باوەشی خێزانەکانیان.

دووپاتیشی کردەوە، پەیوەندییەکە بە روحیەتێکی ئەرێنی کۆتایی هاتووە و پووتین و ترەمپ رێککەوتوون لەسەر هێڵ بمێننەوە و لە کاتی پێویستدا دەستبەجێ پەیوەندیی تەلەفۆنی لە نێوانیاندا ئەنجام بدەنەوە.