دەستەی دەستپاکی: لە تکریت بەرپرسێکی شارەوانی دەستگیرکرا و دەستبەسەر چەندین سەنەدی زەویدا گیرا

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق، دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری بەشی ئەملاکی شارەوانی تکریتی راگەیاند، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانی لە گەندەڵی و دەستکاریکردنی مامەڵەکانی دابەشکردنی زەوی لە سنوورەکە.

ئەمڕۆ سێشەممە8ـی ئەیلوولی 2026، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی سەڵاحەددین، توانییان بەڕێوەبەری بەشی ئەملاکی شارەوانی تکریت دەستگیر بکەن، کە گومانی تێوەگلانی لە "دەستکاریکردنی وەجبەکانی دابەشکردنی زەوی" لێدەکرێت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لە کاتی پشکنینی ماڵی تۆمەتبارەکەدا، دەستبەسەر 94 سەنەدی خانوبەرەدا گیراوە، جگە لەوەی بڕێکی زۆر پارە بە دینار و دۆلاری ئەمریکی و بڕێکی خشڵ و زێر تێدا دۆزراوەتەوە.

دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، جگە لەو سەنەدانە، دەستبەسەر چەندین مامەڵەی تەرخانکردن و گواستنەوەی خاوەندارێتی زەویدا گیراوە کە لای تۆمەتبارەکە بوون.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە، کە سەرجەم رێکارە یاساییەکان بەرامبەر تۆمەتبارەکە گیراونەتەبەر و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە بۆ ئەوەی رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دادوەری بکرێت.