شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە شاری بەغدا
ئەمڕۆ سێشەممە، ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە شاری بەغدا، بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ.
شاندەکە پێکهاتووە لە وەزیرانی دارایی و ئابووری و سامانە سروشتییەکان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و بریکاری وەزارەتی پلاندانان.
بڕیارە شاندەکە سەرەتا لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ و دواتریش لەگەڵ وەزارەتەکانی پلاندانان و نەوت کۆببێتەوە.
ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە، بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵ بۆ ساڵی داراییی ٢٠٢٧ و جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاساکەدا.
لە کۆبوونەوەکاندا، شاندی حکومەتی هەرێم تێڕوانین و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە تەرخانکراوی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و پلە و میلاکی وەزیفی، تەرخانکراوی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان، تەرخانکراوی بودجەی بەکاربردن و هەروەها دۆسیەی نەوت دەخاتەڕوو.
ئامانج لەم کۆبوونەوانە، گەیشتنە بە تێگەیشتن و ڕێککەوتنێکی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و جێگیرکردنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدڕاڵی ساڵی ٢٠٢٧دا
نوێ دەکرێتەوە..