سوپای پاسداران: دەستمان بەسەر ژێر دەریاییەکی ئەمریکادا گرت
هێزی دەریاییی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی ئاڵۆزدا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، توانیویانە دەست بەسەر یەکێک لە پێشکەوتووترین ژێردەریاییە زیرەک و بێسەرنشینەکانی سوپای ئەمریکادا بگرن.
سێشەممە 8ی ئەیلوولی 2026، هێزی دەریاییی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، " لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی و کردارێکی مەیدانیی ئاڵۆز لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، توانیان یەکێک لە مۆدێرنترین ژێردەریاییە زیرەک و بێسەرنشینەکانی سوپای ئەمریکا لە دەروازەی چوونەژوورەوەی گەرووی هورمز بخەنە تەڵەوە و راوی بکەن."
سوپای پاسداران لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: "ئەم ژێردەریاییە بێسەرنشینە لە نوێترین و باڵاترین تەکنەلۆژیای ژێردەریایی لەسەر ئاستی جیهان سوودی لێ وەرگیراوە و تەنیا ساڵی رابردوو (2025) بە فەرمی رادەستی کەشتیگەلی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا کرابوو بۆ ئەنجامدانی ئەرکی تایبەت."
سوپای پاسداران جەخت دەکاتەوە: "ئەم کەرەستە دەریاییە پێشکەوتووە ئێستا وەک دەستکەوتی جەنگ لای هێزەکانمان پارێزراوە و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا سەرجەم وێنە و بەڵگە ڤیدیۆییەکانی بۆ گەلی ئێران و رای گشتی جیهان بڵاودەکەینەوە