لاریجانی: مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ناووكی ده‌گۆڕین
پێداچوونه‌وه به په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شورای كۆماری ئیسلامی ئێران، "عه‌لی لاریجانی" رایگه‌یاند، تاران پێداچوونه‌وه به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ناووكی ده‌كات.
لاریجانی له وتاری كردنه‌وه‌ی دانیشتنی ئه‌مڕۆی "ئه‌نجوومه‌نی شورا"دا گوتی: ئه‌گه‌ر فشاری وڵاتانی ئه‌وروپایی له‌سه‌ر ئێران به‌رده‌وام بێت، به تایبه‌ت هه‌رسێ وڵاتی "ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا" ئه‌وا؛ وڵاته‌كه‌ی چاو ده‌خشێنێته‌وه به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ناووكیدا.
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی "شورا"ی ئێران ئه‌و سێ وڵاته‌ی به ملكه‌چكردن بۆ داخوازی و فشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌و باره‌یه‌وه تۆمه‌تبار كرد.
گوتیشی: "ئه‌و سێ وڵاته له ترسی زیادكردنی باج له‌سه‌ر كاڵاكانیان به تایبه‌تی ئۆتۆمبێل ملكه‌چی فشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا بوون".
له چه‌ند رۆژی رابردوودا هه‌ریه‌ك له "له‌نده‌ن، به‌رلین و پاریس" خواستی خۆیان هه‌مواركردنی رێككه‌وتنی ناووكی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ربڕیوه.
ئێران و وڵاتانی (پێنج كۆ یه‌ك) له (تهمموز/ یۆلیۆی 2015)دا رێككه‌وتنێكیان له باره‌ی پرۆژه‌ی پرۆگرامی وزه‌ی ناووكی كۆماری ئیسلامی ئێران واژوو كرد.
به گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه رێگه به ئێران ده‌درێت له ژێر چاودێری ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ناووكیدا بڕی پێویست یۆرانیۆم بپیتێنێت و له چالاكییه زانستییه‌كاندا سوود له بواری ناووكی وه‌ربگرێت.
دوای هاتنه‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات، دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، یه‌كلایه‌نه له رێككه‌وتنه‌كه كشایه‌وه.
ئێستاش تره‌مپ فشاری له‌سه‌ر وڵاتان درووست كردووه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش ده‌ستبه‌رداری رێككه‌وتنه‌كه ببن.