بۆ یه‌كه‌مجار دوو تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا چاره‌سه‌ر كران

نه‌خۆشخانه‌یان جێهێشتووه‌

K24 - هه‌ولێر:

دوو تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ وڵاتی چین چاره‌سه‌رییان بۆ كرا و هه‌ردوو تووشبووه‌كه‌ نه‌خۆشخانه‌یان جێهێشت، یه‌كێكیان ژنێكی 56 ساڵانه‌ له‌ شاری شانگهای چین و ئه‌وی دیكه‌ش پیاوێكی 46 ساڵییه‌ له‌ هه‌رێمی ژینگ یانگی ئه‌و وڵاته‌.

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ ته‌ندرووستییه‌ فه‌رمییه‌كان چین، ئه‌و ژنه‌ ته‌مه‌ن 56 ساڵییه‌، ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ شارى ووهان ژیاوه‌، كه‌ شوێنی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌یه‌.

ژنه‌كه‌ به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌، دووچاری هه‌وكردنێكی توندی سییه‌كان ببوو، به‌ڵام دوای چاودێریكردنی ته‌ندرووستی, باری ته‌ندرووستی باشتر بووه‌ و هیچ كاریگه‌رییه‌كی ڤایرۆسه‌كه‌ی به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌ماوه‌.

ژنه‌كه‌ رۆژی 10/12/2019، دووچاری ڤایرۆسه‌كه‌ بووه‌، دواتریش له‌ 15/1/2020 گوازراوه‌ته‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌، پزیشكانیش دووپاتیان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ژنه‌ تووشیی جۆرێكی ڤایرۆسی نوێ بووه‌ و به‌ یه‌كه‌م كه‌یسی تووشبووی ڤایرۆسه‌كه‌ داده‌نرێت له‌ ناوچه‌كه‌.

له‌ كاتی چاره‌سه‌ریشدا تێبینی باشتربوونی ته‌ندرووستی ژنه‌كه‌ كراوه‌، پله‌ی گه‌رمی له‌شی به‌رز نه‌بووه‌ته‌وه‌ و ماوه‌ی شه‌ش رۆژیش چاودێری پله‌ی گه‌رمییه‌كه‌ی كراوه‌، ئه‌نجامه‌كانی پشكنینیش باشی ته‌ندرووستی ژنه‌كه‌ی ده‌رخستووه‌، دوای ئه‌و پشكنینانه‌ش، لێژنه‌ی پسپۆران بڕیاریانداوه‌ ژنه‌كه‌ نه‌خۆشخانه‌ جێبهێڵێت.

تۆڕی ته‌له‌ڤزیۆنی چین بڵاویكرده‌وه‌، پیاوێكی ته‌مه‌ن 46 ساڵی كه‌ تووشبووی ڤایرۆسه‌كه‌ چاره‌سه‌ركراوه‌، ئه‌وه‌ی هاوكار بووه‌ له‌ چاره‌سه‌رییه‌كه‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كانی پێی زانراوه‌.

لێژنه‌ی نیشتمانی ته‌ندرووستی چین دووپاتی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كه‌، له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌. رێكخراوی ته‌ندرووستی جیهانییش هۆشداری له‌ مه‌ترسییه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی خێرای ڤایرۆسه‌كه‌ داوه‌، كه‌ تا ئێستا هیچ پێكوت و چاره‌سه‌رییه‌كی بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌و‌ه‌.

ساتی جێهێشتنی نه‌خۆشخانه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌ تووشبووان به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا

سه‌رچاوه‌: RT

ئ. م