پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە مانگی ئادار رادەست دەکرێت
تورکمانەکان رەتیدەکەنەوە ماوەی وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بەبێ رێککەوتن درێژ بکەنەوە و جەختدەکەنەوە لە مانگی ئاداری داهاتوودا، پۆستەکە رادەستی پێکهاتەیەکی دیکە دەکەن.
ریاز ساری، سەرۆکی پارتی ئیلێی تورکمانی، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن تورکمانەکان تا کاتی هەڵبژاردن دەستبەرداری پۆستی پارێزگاری کەرکووک نابن. ساری گوتی: "دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیەی لەسەری رێککەوتووین، پۆستی پارێزگاری کەرکووک رادەست دەکەین".
سەرۆکی پارتی ئیلێی تورکمانی روونیکردەوە کە ماوەی دەسەڵاتیان لە کۆتایی ئەمساڵدا کۆتایی نایەت، بەڵکو بەپێی ئەو رێککەوتنەی کراوە، لە مانگی ئاداری داهاتوودا ماوەی پۆستەکە بۆ تورکمانەکان تەواو دەبێت. ساری جەختیشیکردەوە کە هیچ داواکارییەکیان بۆ درێژکردنەوەی ئەو ماوەیە پێشکەش نەکردووە.
ساری لەبارەی میکانیزمی بەڕێوەبردنی کەرکووک رایگەیاند: "بەهۆی ئەوەی کەرکووک فرە پێکهاتەیە، پێمان باش بووە پۆستەکە بەشێوەی خولی بێت و بۆ ماوەیەک لەلای پێکهاتەیەکی شارەکە بێت". ساری ئاشکرایکرد، دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، داوا دەکەن پۆستی پارێزگاری کەرکووک لانیکەم بۆ ماوەی چوار ساڵ بە تورکمانەکان بدرێت.
ناکۆکییەکان لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەدوای رێککەوتنی هۆتێل رەشید لە بەغدا سەریانهەڵدا. لەو کاتەدا پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکمانەکان ئەو شێوازەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووکیان رەتکردەوە. حەسەن توران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی، ئەو کات داوای کردبوو پۆستی پارێزگار بەشێوەی خولی لەنێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی شارەکە، کە بریتین لە کورد، عەرەب و تورکمان، دابەش بکرێت.