سزاكانی ئەمەریكا زیان بە بازرگانی نێوان چین و ئێران دەگەیەنێت
"ھەناردەكانی ئێران بۆ چین گەیشتووەتە 13 ملیار و 434 ملیۆن دۆلار"
K24 - ھەولێر
بازرگانی نێوان چین و ئێران دابەزینی بەرچاوی تۆماركردووە و ھۆكارەكەشی بۆ سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەگەڕێتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێكی ئیدارەی گشتی گومرگەكانی چین، بازرگانی نێوان چین و ئێران لە ماوەی 2019 دابەزینی بەرچاوی تۆماركردووە، بەجۆرێك ھەناردەكانی ئێران بۆ چین گەیشتووەتە 13 ملیار و 434 ملیۆن دۆلار و بەو جۆرەش بەرێژەی زیاتر لە %36 داكەوتنی تۆماركردووە بە بەراورد لەگەڵ 2018.
سەبارەت بە ھەناردەكانی چین بۆ ئێران لەھەمان ماوەدا گەیشتووەتە 9 ملیار و 590 ملیۆن دۆلار و بەو شێوەیەش بەرێژەی %31 دابەزیووە.
تەنانەت لە دوای سزاكانی ئەمەریكاش لەسەر ئێران، چین بە گەورەترین ھاوبەشی بازرگانی ئێران مایەوە، بەڵام پشكی ئێران لە بازرگانیكردن لەگەڵ چیندا گرنگییەكەی كەمترە بە جۆرێك %0.5ی كۆی بازرگانی دەرەكی پەكین پێكدەھێنێت.
ھ.م