کۆرۆنا نەوت بۆ کەمترین ئاستی سێ مانگی رابردووی دادەبەزێنێت
نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ خوار ئاستی 60 دۆلار دادەبەزێت
K24 - ھەولێر
بەهۆی مەترسییەکان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی گەشتەکان، کە بە هۆیەوە خواست لەسەر نەوت کەمبووەتەوە. گرێبەستە داهاتووەکانی نەوتی خاو بە رێژەی 2% بۆ کەمترین ئاستی سێ مانگی رابردووی دادەبەزێت.
نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 1.37% بۆ 59 دۆلار و 32 سەنت دابەزی کە کەمترین ئاستییەتی لە دوای 21 مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە.
لە لایەکی دیکەوە، مەترسییەکان لە لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەبەرهێنەران ناچار دەکات روو لە کڕینی پەناگە ئارامەکان بکەن، بەوەش زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی سێ هەفتەی رابردووی بەرزدەبێتەوە.
نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا بە رێژەی 0.4% بۆ هەزار و 577.31 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە، لە کاتێکدا مامەڵەکانی پێشووی بۆ ئاستی هەزار و 586.43 دۆلار بەرزبوونەوەی تۆمارکرد، کە ئەوەش بەرزترین ئاستییەتی لە دوای هەشتی ئەم مانگەوە.
ھ.م