نوێترین ئامار و زانیاری لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا

مەترسییەکی نوێ سەری هەڵداوە

K24 – هه‌ولێر:

ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ پێنجشەممە 30/01/2020 بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی 170 کەس و زیاد لە حەوت هەزار و 700 کەسیش تووشبووی نەخۆشییەکەن.

ئێستا 60 ملیۆن چینی لە ژێر جۆرە گەمارۆیەکدان کە هاتووچۆ و ژیانکردن لێیان ئاڵۆز و ئەستەم بووە.

لە 19 وڵات ڤایرۆسەکە تۆمار کراوە و ئیمارات و فینلەندا دواینیان بوون، هەروەها، ئەمەریکا، ژاپۆن و چەند وڵاتێكی دیکە هاووڵاتیانیان لە شاری ووهان دەبەنە دەرەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی ژاپۆن، سێ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراوە، بەڵام دوو لەو سێ کەسە هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەیان نەبووە، ئەمەش دەستنیشانکردن و وەستانی ڤایرۆسەکەی لە بڵاوبوونەوە ئەستەم کردووە و مەترسییەکی دیکەی دروست کردووە.

ئەوەش ئاشکرا کراوە، ئەو سێ کەسە لە شاری ووهان بوون و گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان.

لای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، داوای لە دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی وڵاتەكەی كردووە، یەكەیەكی تایبەت پێكبھێنن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە.

لە دواین راگەیەندراویدا، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەتی کردووەتەوە هیچ حاڵەتێک لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرابێت.