لە خورماتوو مێردمنداڵێک لەژێر ئەشکەنجەی باوک و خاڵیدا گیانی لەدەستدا

وێنەی ئەو مێردمنداڵەی لە ژێر ئەشکەنجەی باوک و خاڵیدا گیانی لەدەستداوە
وێنەی ئەو مێردمنداڵەی لە ژێر ئەشکەنجەی باوک و خاڵیدا گیانی لەدەستداوە

لە شارۆچکەی خورماتوو مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵان بەناوی (ئەمین جەلال)، بەهۆی دۆڕاندنی بڕی 70 هزار دۆلار (7 دەفتەر دۆلار)ی مالەکەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تیك تۆك" و "قوماری یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا"، لەژێر ئەشکەنجەی باوک و خاڵیدا گیانی لەدەستدا.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی خورماتوو تایبەت بە هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، رووداوەکە دوای ئەوە هاتووە، گەنجەکە بڕێکی زۆر پارەی لە یارییە ئەلیکترۆنییەکان و تیک تۆکدا دۆڕاندووە، بەو هۆیەوە لەلایەن باوک و خاڵیەوە بە سەختی لێیدراوە.

گوتیشی، لە کاتی لێدانەکەدا پاڵیان بەو گەنجەدا ناوە و سەری بەر قاڵدرمەی ماڵیان کەوتووە، لە ئەنجامدا تووشی خوێنبەربوونی ناوەکی (نەزیف) بووە و گیانی لەدەستداوە.

ئەو سەرچاوەیەی پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا باوک و خاڵی مێردمنداڵەکە لەسەر کەیسەکە بە تۆمەتی ئەشکەنجەدان و هۆکاربوون لە گیانلەدەستدانی گەنجەکە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.