به‌ بێ به‌ریتانیا یه‌كێتی ئه‌وروپا چی به‌سه‌ر دێت

چی لە بەریتانیا دەگۆڕێت

K24 – هه‌ولێر:

جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەیان گۆڕانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئێستا بەریتانیا لە دۆخی راگوزەردایە و لانی کەم تا کۆتایی ئەمساڵ، بەریتانیا بە رێساکانی یەکێتی ئەوروپا پابەند دەبێت.

بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا جارێکی دیکە گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێک دەکرێت بۆ ئەوەی رێککەوتنی نوێیان لەبارەوە بکرێت، بەڵام شەش خاڵ گۆڕانکاری تەواوی بەسەردا دێت.

1- پەرلەمانتارانی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا کورسییەکانیان لەدەست دەدەن

 تەواوی پەرلەمانتارە بەریتانییەکان لە یەکێتی ئەوروپا کە بریتین لە 73 ئەندام کورسییەکانیان لەدەست دەدەن، چونکە بەریتانیا لە تەواوی دامەزراوە و سەنتەرەکانی پەیوەندیدار بە یەکێتی ئەوروپا جیادەبێتەوە، بەڵام بەریتانیا لە ماوەی راگوزەردا پەیوەست دەبێت بە رێساکانی یەکێتی ئەوروپا و دادگای ئەوروپی مافی ئەوەی هەیە کێشە یاساییەکان یەکلا بکاتەوە.

2- بەشداریکردن لە لووتکەکانی یەکێتی ئەوروپا

چیدیکە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ناتوانێت بەشداری لە لووتکەکانی یەکێتی ئەوروپادا بکات، بەڵام یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت لەڕێگەی داوەتنامەی فەرمییەوە بانگهێشتی بکات.

3- دەستپێکردنی گفتوگۆ بازرگانییەکان

بەریتانیا دەتوانێت گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ تەواوی وڵاتانی جیهان بکات و یاسای نوێ بۆ کڕین و فرۆشتنی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان دابنێت. پێشتر لە سەردەمی ئەندامێتیی، بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا توانای ئەنجامدانی گفتوگۆی تاکلایەنەی لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا نەبوو. ئێستا ئەوەی بەلای لەندەن و بڕۆکسل گرنگ بێت، گەیشتنە بە رێککەوتنێکی فراوانی بازرگانی بۆ ئەوەی خۆیان لە سەپاندنی باج و ئاستەنگە گومرگییەکان بپارێزن.

4- گۆڕینی رەنگی پاسپۆرتی بەریتانی

جارێکی دیکە بەریتانیا رەنگی پاسپۆرتەکانی دەکاتە شین، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر گۆڕینی رەنگەکەی بۆ سوور.

5- داخستنی بەڕێوەبەرایەتی برێکزت

تیمە حکوومییەکەی بەریتانیا کە خەریکی گفتوگۆکانی جیابوونەوەی بەریتانیا بوون لە یەکێتی ئەوروپا هەڵدەوەشێتەوە. تیمە حکوومییەکە ساڵی 2016 بە بڕیاری تێرێزا مەی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی بەریتانیا پێکهێندرابوون.

 

6- ئەڵمانیا هاووڵاتییەکانی بۆ بەریتانیا سنووردەر ناکات

چیدیکە بەریتانیا ناتوانێت گومانلێکراوان لە ئەڵمانیا بگەڕێنێتەوە، چونکە دەستووری ئەڵمانیا رێگە بە رادەستکردنی گومانلێکراوان بە هیچ وڵاتێک نادات جگە لە ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا نەبێت.

جیا لە گۆڕانکارییەکان بەڵام چەند شتێکی دیکە هەیە وەک خۆی دەمێنێتەوە لەوانە:

1- گەشتکردن

پڕۆسەی گەشتە ئاسمانی و زەمینی و ئاوییەکان لە ماوەی راگوزەریدا وەک خۆی بەردەوام دەبێت.

2- مۆڵەتی شوفێری و پاسپۆرتی ئاژەڵە ماڵییەکان

وەک خۆیان دەمێننەوە تا وادەی بەسەرچوونیان.

3- کارتەکانی دڵنیایی تەندروستی ئەوروپی

لەماوەی راگوزەریدا، بەریتانییەکان دەتوانن کارتی دڵنیایی تەندروستی لە هەر وڵاتێکی ئەوروپا بەکاربهێنن، ئەو کاتە نەخۆش دەکەون یاخوود تووشی رووداوێک دەبنەوە. کارتەکە لە هەموو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بەکاردەهێندرێت لەونێویشیاندا نەرویج، سویسرا، ئایسلاند و لیختنشتاین.

4- نشینگە و کارکردن لە یەکێتی ئەوروپا

ئازادی گواستنەوە لە ماوەی راگوزەردا وەک خۆی دەمێنێتەوە و بەمەش هاووڵاتیانی بەریتانیا دەتوانن لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بژین و کار بکەن و هەمان شێوە هاووڵاتییە ئەوروپییەکانیش دەتوانن لە بەریتانیا بژین و کار بکەن.

5- مووچەی خانەنشینی

ئەو بەریتانیانەی لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا دەژین بەردەوام دەبن لە وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی و تەنانەت زیادەی ساڵانەشیان بۆ ئەژمار دەکرێت.

6- بەشداریکردن لە بوودجە

لە ماوەی راگوزەریدا، بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە بەشداریکردن لە بوودجەی یەکێتی ئەوروپا. بە واتای بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە پارەدارکردنی پلانەکانی بەریتانیا کە پێشووتر داڕێژرابوون.

7- بازرگانی

بازرگانی نێوان بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا بەبێ سەپاندنی باج و ئاستەنگی گومرکی بەردەوام دەبێت

H.J