دژەكانی عەللاوی زیاد دەبن

به‌شێكی لایه‌نه‌كان پاڵپشتی له‌ راسپاردنی عه‌للاوی ناكه‌ن

K24 - بەغدا

تا دێت دەنگی ناڕەزایی دژ بە راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران زیاد دەکات، جگە لەوەی ھەر لە سەرەتاوە ھەریەک لە ھاوپەیمانی نەسر، دەوڵەتی یاسا، رەوتی حیکمە، حزبی ویفاق، فەزیلە، سادیقون، بەرەی تورکمانی و مەسیحییەکان رازی نەبوون بە دانانی عەللاوی ئێستا 19 حزبی نەتەوە و پێکھاتە جیاوازەکانی عێراق کە زۆرینەیان سوونەن، کۆبوونەوەیەکی راوێژکاریان لە بەغدا ئەنجامدا و لیژنەیەکیان دروستکرد بۆ ئەوەی سەردانی سەرۆک کۆمار بکەن تاکو پەشیمانی بکەنەوە، لە راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران.

لایەنە سونەكان پێیان وایە کە رەزامەندی خۆپیشاندەرانی لەسەر عەللاوی نییە و شکست دەھێنێت، لە جیبەجێکردنی داواکاری دەنگی ناڕازیی شەقامی عێراقی.

عەبدولکەریم عەبتان، سەرۆکی حزبی خیاری عەرەبی بە كوردستان24ی گوت: "خۆپیشاندەران مەرجیان داناوە بۆ ئەو کەسەی کە رادەسپێردرێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، دەبێت کەسێکی نیشتمانی بێت و بەشداری پرۆسەی سیاسی نەکردبێت، کابینە وزراییەکەشی بێ لایەن بێت، عەلاوی ناتوانێت داواکاری خۆپیشاندەران بەدی بھێنێت بە ھۆی گوشاری لایەنە سیاسییەکانەوە، بە تایبەت لەم بارودۆخە ھەستیارە کە عێراق لە رووی ئابوورییەوە داڕوخاوە".

ھەر پەیوەست بەم پرسەوە حامد موتلەگ، سەرۆکی پارتی (الحوار للتغیر) دەڵێ: "ھەر کەسێک دەبێتە سەرۆک وەزیران دەبێ بە رەزامەندی شەقامی عێراقی بێت، ئینجا داواکاری خۆپیشاندەران جێبەجێبکات، بە تایبەت ھەڵبژاردنی پێشوەخت بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان، من پێموایە عەللاوی ناتوانی حکوومەت پێکبھێت، چونکە خۆپیشاندەران لەگەڵی نین".

ماوەی دەستووری لە بەردەم پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقی تەنھا 20 رۆژی ماوە، بۆیە پێویستە محەمەد تۆفیق عەللاوی  بە رەزامەندی شەقام و لایەنە سیاسییەکان وەزیرەکانی بە ھاوسەنگی نەتەوە و پێکھاتەکان دەستنیشان بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە ھێشتا لە لایەن خۆپیشاندەران عەللاوی رەتدەکرێتەوە.

 ھ.م