عەللاوی پێکهاتەی کابینەکەی دەداتە پەرلەمان
داوا دەكات دەنگ بە كابینەكە بدەن
K24 - ھەلێر
نیوەی ئەو ماوەیە تێپەڕی کە بەگوێرەی دەستوور، بۆ محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دیاریکراوە، وەک خۆشی باسیکردووە، گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و ئەمڕۆ یان تاوەکو رۆژی سێشەممە، کابینەی نوێی حکومەتی عێراق رادەگەیەنێت.
لە پەراوێزی کۆنفراسی ئاسایشی میونشن، مەسرور بارزانی لەگەڵ محەمەد عەلی حەکیم وەزیری دەرەوەی عیراق کۆبووەوە و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە حکومەتێک دەکات کە پابەندبێت به قەوارەی فیدرالی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمیش، وەزیرەکانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی نوێی عێراق دەستنیشان بکەن، هەروەها گوتی، لە گەڵ پێکهێنانی حکومەتێکین کە زۆرینەی پێکهاتەکانی عێراق پشتیوانیی لێ بکەن و پابەندیش بێت بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
محەمەد عەللاوی رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا ناوی ئەندامانی کابینە وەزارییەکەی ئاشکرا دەکات، کە لە کەسانی سەربەخۆ و تەکنۆکرات پێکهاتووە، دوور لە هەر دەستوەردانێکی سیاسی، چاوەڕێش دەکرێت، ئەمڕۆ یان تاوەکو رۆژی سێشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی حکومەت کۆببێتەوە.
ھ.م